دەروازەى نێودەوڵەتی باشماخ - وێنە؛ ئەرشیفی 964+
جوڵەی بازرگانی کێشەی نییە
هاتوچۆ لە مەرزی باشماخ تاوناتاوە
شۆڕش قادری
هاتوچۆ لە دەروازەی نێوەدەوڵەتی باشماخ تاوناتاوە و جوڵەی بازرگانیش کێشەی نییە.
مەریوان کەریم لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بە 964ـی وت، “مەرزەکانمان بەفەرمی کراوەیە و هاتوچۆی گەشتیاری و جوڵەی بازرگانی رانەگیراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک جار لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە، هاتوچۆ رادەگرن و دواتر دەیکەنەوە و هاوڵاتیان دێن و دەڕۆن، ئەوەش پەیوەندی بەم دۆخی ئێستاوە هەیە.
هەر ئەمڕۆ ئەحمەد بارزان عەلیکۆ قایمقامی قەزای چۆمان، بە 964ـی وت، “مەرزی حاجی ئۆمەران لە دوێنێوە بۆ جوڵەی بازرگانی بە تەواوی داخراوە، بۆ هاتوچۆی گەشتیاریش سنوردارە بە جۆرێک هەڵگری پاسپۆرتی ئێرانی تەنیا رێگای پێدەدرێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی، هەڵگری پاسپۆرتی عێراقیش دەتوانێت بێتەوە، واتە لەئێستادا هاوڵاتی عێراقی ناتوانێت، سەفەر بۆ ئێران بکات و هاوڵاتی ئێرانیش ناتوانێت بێتە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق”.
هەرچی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانـیشە، لە دوێنێوە جولەی بازرگانی تیایدا پەکی کەوتووە و قەرارە ئەگەر شتێکی نەخوازراو روونەدات، لە سبەینێوە دەستپێبکاتەوە، ئەم بەقسەی خاوەن نووسینگەیەکی گومرگی کۆمپانیاکان لە کەلار.