وێنەی یەکێک لە پڕۆژە نیشتەجێبوونەکانی سلێمانی - وێنە: 964
کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان بۆ 964ـی ئاشكراكرد
زیاتر لە 200 هەزار كرێچی لە هەرێمی كوردستان هەیە
964+
محەمەد فاتیح
لەكۆی ئەو پڕۆژە بەردەوام و زۆرانەی لە هەرێمی كوردستان بۆ نیشتەجێبوون جێبەجێدەكرێن، بەڵام هێشتا ژمارەیەكی زۆری هاونیشتیمانیان خاوەنی خانووی خۆیان نین و بەدەست كرێچیەتیەوە دەناڵێنن.
بەرهه م قەرەداغی سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان بۆ 964ـی ئاشكراكرد بەپێی ئەو ئامارانەی كە لە سەرژمێری عێراقدا هاتووە، زیاتر لە 200 هەزار كرێچی لە هەرێمی كوردستان بونیان هەیە.
وتيشى، “ئەو پڕۆژانەی جێبەجێكراوون بۆ كرێنشینان سوودێكی زۆری نەبووە چونكە بۆ خەڵكی مامناوەند و دەوڵەمەند دروستكراوە و نرحەكانیان بەرزە و خەڵك نەیتوانیوە بەشداری تییادا بكات”.
“تەنها لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەت بە 253 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دراوە، كە دوو هێندەی كرێچیەكان یەكەی نیشتەجێبوون دروستكراوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە حكومەتی هەرێم هیچ پلانێكی نەبووە بۆیە نەتوانراوە ئەو یەكانە سوودی لێ ببینرێت، جگە لە مانەش زیاتر لە 463 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان بە چۆڵی هەن بەڵام خەڵك نادیدات بە كرێ چونكە موچە لەكاتی خۆییدا نادرێت و زۆربەی كرێچییەكان دوو كرێ یان سێ كرێ قەرزارن لەبەر ئەوە خاوەن خانووەكان ئامادە نین خانووەكانیان بدەن بە كرێ، سەرەڕای كۆمەڵێك رێكاری قورس وەك باجی سەر خانووەكان” بەرهه م قەرەداغی واى وت.
یەكەی نیشتەجێبوون
ئەو دەشڵێت، “ئێمە داوامان كردووە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ كەمدەرامەتان بكرێت بەڵام حكومەت ئامادە نییە بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە، بەڵگەش بۆ قسەكەم پڕۆژەكانی سیتەك و زڕگوێز و كەڵاوەنان كە 904 یەكەی نیشتەجێبوونە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەڵام چونكە بۆ كەمدەرامەتانە و پێشەكی نییە و مانگانە كرێیەكی كەمی لێ وەردەگیرێت، لە 2011وە بیناكان تەواو بووە بەڵام تاكو ئێستا حكومەت بە بیانوی جۆراوجۆر رادەستی هاوڵاتیانی ناكات.
دوای بڕیارهكهی مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022، سەبارەت بە دروستکردنی 20 ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێر رایگهیاند، زەوی بۆ شوقەكان دابینكراوە، ژمارەیەك وەبەرهێنەری باش پڕۆژەی خۆیان پێشكەشكردووە، بۆ ئەوەی هەم بە قیستێكی درێژخایەن و هەمیش بە كەمترین نرخ ئەو یەکانە بدرێت بەو خەڵكەی كه شایستهن و محەممەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانيش وتى، پڕۆژە نیشتەجێبوونەكانی داهاتوو بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێچی دەبن و چەندین بانك و وەبەرهێنەرێك ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ دروستكردنی بە نرخی هەرزان.