کەرتی گەشتیاریش دەبوژێتەوە

پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەربگرێ 100 گوندی برادۆست ئاوەدان دەبنەوە

964+

ئاکام غەفور- سۆران

جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەبێتە خێر و بەرەکەت بۆ سنوری قەزای سیدەکان.

ئەگەر پڕۆسەکە سەربگرێت زیاتر لە 100 گوندی دەڤەری برادۆست ئاوەدان دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەش کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکە دەبوژێتەوە.

ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان، بە 964ـی وت،”جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر دەڤەری برادۆست، زیاتر لە 100 گوندی ناوچەکە بەهۆی نائارامی و بۆردومانی فڕۆکەوە چۆڵکراون بەجێبەجێکردنی پرۆسەکەش ئارامی بۆ سنوورەکە دەگەڕێتەوە، گوندەکان ئاوەدان دەبنەوە”.

وتیشی، لە دەڤەرەکە ژمارەیەکی زۆری تاڤگە و مێرگ و کوێستان بوونی هەیە، کە بەهۆی نەسەقامگیری ناوچەکە نەتوانراوە سوودی لێ ببینرێت بۆ کەرتی گەشتیاری و ئەگەر ناوچەکە ئارام بێت کەرتی گەشتیاری لە سنوورەکە دەبوژێتەوە.

وەک قایمقامی سیدەکان باسی دەکات، کاریگەری پڕۆسەکە لە ئێستاوە لە سنووری سیدەکان رەنگی داوەتەوە، ئەمساڵ بەشێوەیەکی بەرچاو بۆردومانی فڕۆکە کەمی کردووە.

قەزای سیدەکان دەکەوێتە سەر سنووری هەر دوو وڵاتی ئێران و تورکیا، خاوەنی ناحیەیەک و زیاتر لە 300 گوندە، بەهۆی نائارامی ناوچەکە لە 20 ساڵی رابردوو، زیاتر لە 160 هاوڵاتی ناوچەکە بریندار بوون و گیانیان لە دەستداوە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

گوللەتۆپێکی مەترسیدار لە سیدەکان هەڵگیرایەوە

گوللەتۆپێکی مەترسیدار لە سیدەکان هەڵگیرایەوە