بە کوڵاوی وەرە و بە ساردی بڕۆرەوە
تەبریدەکەت ئیشی نەکرد ئەم وەستایە سپلێتت بۆ دادەنێ
964+
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
لە قەزای چەمچەماڵ، وەستایەک بووە بە فریادڕەسی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە فێنککەرەوە یان تەبرید- یان نییە و لە وەرزی هاوین و کەشی گەرمادا گرفتییان بۆ دروست دەبێت.
چارەسەر لای ئەو، دانانی سپلیتە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە.
وەستا سیامەند محەمەد، ئەو کارساز و لێزانەکەیە ئەو بە 964ی وت، زیاتر لە 15 ساڵ دەبێت سەرقاڵی کاری فێنککەرەوە و تەبریدی هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکە، بەدیاری کراویش چوار ساڵ دەبێت پیشەکەی گۆڕیوە بۆ دانانی سپلیت لەناو ئۆتۆمبێل، کارەکەشی بووە بە هۆکاری کارئاسانی زیاتر بۆ شۆفێران.
ئەو وەستایە وتی، زیاتر ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دێن بۆلامان کە کێشەی تەبریدیان هەیە، یاخود لە وەرزی گەرمادا مەکینەی ئۆتۆمبێلەکەیان بچووکە، بەکەڵکی دانانی تەبرید نایەن زوو گەرم دەبن.
سپلیتەکە بە پاتری کاردەکات، ماوەی کارکردنی پاترییەکە بەبێ بارگاوی کردنەوە تا هەشت کاتژمێر دەبێت، باشترین سپلیت و حەقدەستی وەستاکەی بخرێتە سەر، دانانی هەر سپلیتێک بۆ ئۆتۆمبێل 600 دۆلاری دەوێت.
یەکێک لەو شۆفێرانی لای وەستا سیامەند بوو، وتی من لە دوزخورماتو هاتووم، ئۆتۆمبێلەکەم تەبریدی باش نەبوو، دەمێک بوو دەگەڕام تاوەکو چارەسەری بکەم، پارچە ڤیدیۆکانی وەستا سیامەندم بینی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی، هەر زوو خۆم گەیاندە ئێرە بۆ ئەوەی چارەسەرێکم بۆ بکات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا