چۆن سەڵاحەدینى ئەیبوى نەیهێشت تورک حوکمى کوردستان بکات؟
“کورد قەرزاری سەڵاحەدینی ئەیوبییە”
میلاد جەلال_گەرمیان
ماوە ماوە سەڵاحەدینی ئەیوبی دەبێتە باس و خواست، هەندێ پێیان وایە سەڵاحەدینی ئەیوبی ھیچی بۆ کورد نەکردووە، هەندێکى دی رای پێچەوانەیان ھەیە، شارەزایەکی مێژووش دەڵێت،”سەڵاحەدینی ئەیوبی کوردستانی خستەوە ژێر دەسەڵاتى کوردان”.
ئەمڕۆ پێنج شەممە 8.5.2025 لە زانکۆی گەرمیان دیداری سەڵاحەدینی ئەیوبی بەڕێوەچوو، تێیدا چەند پانێڵێک پێشکەشکرا.
دکتۆر ئیسماعیل شەمس، مامۆستا لە زانکۆی عەلامە تەباتەبائی_تاران بە 964ـى وت،”ئەوانەی دەڵێن سەڵاحەدینی ئەیوبی ھیچی بۆ کورد نەکردووە ھەڵەن، ئەو سەرکردەیە باوباپیرانی لە وڵاتێکی ئەرمەنی لەدایکبونە، خۆیشی لەوڵاتێکی عەرەبی لەدایکبووە و کاری سیاسی و سەربازیشی لەگەڵ تورک بووە، ھەرکەسێکی دیکە بوایە ھەر بیریشی دەچوو کە کورد بووە، بەڵام سەڵاحەدین لە ناو سێ نەتەوە و زمانى جیاواز لە بیرى نەکرد کە کوردە و تا کۆتایى تەمەنیشى بە کوردى قسەى کردووە”.
“سەڵاحەدینی ئەیوبی دەوڵەتێکی گشتی دروستکرد، جگەلەوەی کوردستانی خستە ژێر دەستی کوردەکان لە تەواوی شارە کوردییەکانیش حاکمی کوردی دانا، یان ئەگەر تورک بوایە دەبوو لەژێر چاودێری خۆی بوایە، ھەروەھا سکەی کوردی لێدا لە شارە کوردییەکان”،ئیسماعیل شەمس وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو سەردەمە کورد ناوبانگێکی زۆر باشی پەیداکرد، دووبارە کوردستانی داوە دەستی کورد، ئەگەر سەڵاحەدینی ئەیوبی نەبوایە، تورک کوردى بەڕێوە دەبرد.
پێشى وایە، پێشتر و لە قۆناغە جیاوازەکان تا 50 ساڵیش لەمەوبەر، سەڵاحەدین جێگەى شانازى هەموو کوردان بووە تەنانەت چەپەکانیش، بەردەوام وەک فیگەرێکى کوردى لێى رووانکراوە، ماوەیەکە ئیسلامییەکان شانازى پێوە دەکەن بەراورد بەو مێژووەى چەپ و نەتەوەییەکان بە شانازییکردن بۆ سەڵاحەدینى ئەیبوبى هەیان بووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح