نۆژەنكردنەوە دەستپێدەكات

چیمەنی یاریگەی فڕەنسۆ هەریری دەكرێتە های بێرد

ئەرسەلان عەبدوڵا

بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو كارەكانی نۆژەنكردنەوەی یاریگەی فڕەنسۆ هەریری لە هەولێر دەستپێبكات و ئەمڕۆ بڕیار لەمبارەیەوە درا.

راگەیاندراوی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ یەكشەممە 4.5.2025 ئەوەی روونكردەوە، یەك ملیار و 900 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگەكە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تەرخان دەكرێت و چیمەنی یاریگەكەی دەكرێتە “های بێرد” كە یاریگە جیهانییەكان بەو جۆرە چیمەنە فەرش كراوە.

هاوكات سەرۆكی كاتیی یانەی هەولێر تاهیر سابیر بە 964ی وت، كۆمپانیای جێبەجێكار سەردانی یاریگەكەیان كردووە و بڕیار وایە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، لەگەڵ كۆتاییهانی یارییەكانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق، دەست بە نۆژەنكردنەوەكە بكرێت.