پیاسەیەکى قەڵا و ناوبازاڕیشى کرد

ئەمڕۆ یاریزانێکى پێشووى بارسا لە مەچکۆ چاى خواردەوە

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ هەینى، یاریزانێکى پێشووى بارسا، سەردانى هەولێرى کردووە و لە دیمەنەکان دەردەکەوێت لە مەچکۆ چاى خواردووەتەوە و پیاسەى سەرقەڵاتیشى کردووە.

فەلاح حەسەن، سەرۆکى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان و سەرپەرشتیارى نۆژەنکردنەوەى قەڵاى هەولێر لە پەڕەى خۆى لە فەیسبوک بڵاوى کردەوە، “ئەمڕۆ پێشوازیمانکرد لە یاریزانی پێشووی یانەی بەرشلۆنە (ئۆلیگیر پریساس) کە بەیاوەری هاوڕێم (لوکا گیرڤەسۆنی) سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو”.

وەک باسى دەکات، پیاسەى قەڵات و سەنتەرى شارى پێکردووە و باسى یانەکانى کوردستان و بەتایبەت یانەى تۆپى پێى هەولێرى بۆ کردووە کە پێویستیان بە پاڵپشتى و هەماهەنگى هەیە.

لاى خۆیەوە ئۆلیگیر پریساس، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هەر هاوکاریەک کە بتوانێت بۆ تۆپی پێ لە کوردستان ئەنجامی بدات، هەربۆیە وەک فەلاح حەسەن یاسى دەکات، بڕیاریانداوە هەماهەنگیەک دروست بکەن بۆ ئەم بابەتە.