لەترسى تاى خوێبنەربوون

کۆشتارگەى کۆیە داخرا

964+

گۆڤەند فەتاح

دواى تۆمارکردنى یەکەم حاڵەتى توشبوون بە تاى خوێنبەربوون لە هەرێمى کوردستان کە دانیشتوویەکى شارى کۆیەیە، ڤێرتێرنەرى شارەکە بڕیاریدا بە داخستنى کوشتارگەى شارەکە.

ئەمڕۆ هەینى، 2.5.2025، وەزارەتى تەندروستى هەرێم، توشبوونى یەکەم حاڵەتى تاى خوێنبەربوونى لە هەرێمى کوردستان راگەیاند کە هاوڵاتییەکى شارى کۆیەیە و پیشەى چێودارە.

دکتۆر خەیڕوڵا خدر، بەڕێوەبەرى کوشتارگەى کۆیە بە 964ـى وت،”ڤێرتێرنەرى کۆیە بڕیاریداوە بە داخستنى کوشتارگەى کۆیە و ئێمەش بڕیارەکەمان جێبەجێکردووە”.

وەک باسى دەکات، هۆکارى داخستنەکەى وەک رێکارێکى تەندروستییە بۆ رووبەڕووبونەوەى تاى خوێنبەربوون، چونکە پەتاکە لەرێى خوێنى ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە.

کوشتارگەکە تاقە کوشتارگەى کۆیەیە و رۆژانە نزیکەى 70 سەر ئاژەڵى لێ سەردەبڕدرێت، بەڵام وەک ئەوەى دکتۆر خەیڕوڵا باسى دەکات، نازانن داخستنەکە تا کەى بەردەوام دەبێت.

دکتۆر ئەزمەڕ ساڵح، بەڕێوەبەرى ڤێرتێرنەرى کۆیە بە 964ـى وت،”داخستنى کوشتارگەى کۆیە لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى ئەو رێنماییانەیە کە بۆ رێگریکردن لە تاى خوێنبەربوون کارى پێدەکرێت”.

جەختیشى کردەوە، جارێ تەنیا کوشتارگەکە داخراوە و بڕیاریان لەسەر گۆشتفرۆشەکان نەداوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

"تووشبووەکەی تای خوێنبەربوون قەساب نییە و چێودارە"