لە فێستیڤاڵی باڵەکایەتی
پیاوە رەسەنەکەی باڵەکایەتی باسی جلوبەرگی دەکات
964+
ئاکام غەفور- سۆران
یەکێک لە دیمەنە جوانەکانی فێستیڤاڵی باڵەکایەتی بەشداری کردنی خەڵکی بوو بە جلی کۆنی کوردەواری ناوچەکە.
مام عامر، بەجلێکی کۆن و دڕاوی کوردەواری و مەتارە، لایتی کۆن، توتن و دارجگەرەی بەر پشتی و پێمەڕەکەی سەرشانی، یەکێک بوو لە کەسانەی کە شێوەیەکی دەگمەن و سەرنجڕاکێشی هەبوو لە فێستیڤاڵەکە.
ئەو پیاوە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ئێستا کەس ئەم جلە ناپۆشێت خەڵک شەرمی پێیە، بەڵام من شانازی بە جلەکانم دەکەم و ئێمە چینی هەژارین لەمەوە دەستمان پێ کردووە دەشگەڕێینەوە بۆ ئەمە.
وەک باسی دەکات، پێمەڕەکەی سەر شانی کە بۆ زەوی کێڵان بەکاردێت، چەکی کرێکارانە، مەتارەش وەک ترمۆز بەکاری دێنێت کە دەبەیەکی لە قوماش هەڵکێشراوە ئاوی ساردی تێدەکات و زوو گەرم نابێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر