دیمەنی دەرمانخانەیەک - وێنە: ئەرشیفی 964
لە حاجیاوا
دەرمانخانەیەک خۆی بە پزیشک ناساند لیژنەی چوو دایخست
ئەحمەد مستەفا
تەندروستیی راپەڕین لە حاجیاوا، لیژنەی ناردووە بۆ چاودێریکردنی دەرمانخانەکان، لە کاتی پشکنین بۆیان دەرکەوتووە، یەکێک لە دەرمانخانەکان، وەک پزیشک خۆی ناساندووە و دەرمانی ماوە بەسەرچووشی فرۆشتووە.
لیژنەکە سزایان داوە و دەرمانخانەکەشیان پێ داخستووە.
جگە لەو دەرمانخانەیە، ژمارەیەک دەرمانخانە سزادراون یان ئاگادارکراونەتەوە، وە دەستخۆشی لە ژمارەیەک دەرمانخانەی دیکە کراوە.
لە بڵاوکراوەیەکدا، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی راپەڕین دەڵێ، بەشی پشكنین و بەدواداچوون، بە ئامادەیی نوێنەری سەندیكا پەیوەندیدارەكان و نوێنەری دەزگای ئاسایش، چەند دەرمانخانە و نۆرینگەیەکی تەندروستی و كلینیكی ددان و تاقیگەی پزیشكی كەرتی تایبەتی لە سنوری قەزای حاجیاوا بەسەركردەوە.
تەندروستی راپەڕین خۆی ناوەکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، نۆرینگەی تەندروستیی “شێخ كەمال”، سزای پێبژاردن دراوە و داخراوە، بەهۆی ئەوەی وەك پزیشك خۆی ناساندووە، سەرەڕای ئەوەش دەرمانی ماوەبەسەرچوو و نەگونجاوی هەبووە، هەروەها شوێنەكەشی گونجاو نەبووە.
لەبارەی دەرمانخانەی “حاجیاوا”، لیژنەکە سزای پێبژاردنی بۆ کردووە و ئاگاداركراوەتەوە، بەهۆی دەرمانی بێ سەرچاوە و ماوەبەسەرچوو، هەروەها نەگونجاویی شوێنەكەی لە رووی ساردی و گەرمییەوە.
لیژنەکە، دەستخۆشی لە تاقیگەی پزیشكیی “سەرهەد” کردووە، هەروەک هەریەك لە دەرمانخانەی “شیفا”، دەرمانخانەی “كارزان”، دەرمانخانەی “شاری نوا”، دەرمانخانەی “د. شاكار”، نۆرینگەی تەندروستیی “فەرهاد” و نۆرینگەی ددانی “سابیر محەمەد” ئاگاداركراونەتەوە.