شاری كەركوك
داوا لە هاوڵاتیان دەكرێت پابەندی رێنماییەكان بن
خۆڵبارین كەركوكی خستە ئامادەباشیەوە
محەمەد فاتیح
دوای ئەوەی بە شێوەیەكی كتوپڕ خۆڵبارین رووی لە ناوچەكانی عێراق كرد و كەشناسێكیش لە رێگەی 964وە پێشبینیكرد هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە، خۆڵبارین گەیشتە شاری كەركوك و شارەكە كەوتنە ئامادەباشیەوە.
فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك بڵاویكردەوە، لەسەر راسپاردەی ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستیی عێراق هەموو كارمەندانی تەندروستی كەركوكیان خستووەتە ئامادەباشیەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی خۆڵبارینەكە و پێشوازیكردن لە نەخۆشەكان و چارەسەركردنی حاڵەتەكانی تەنگەنەفەسی، هەروەها دابینكردنی دەرمان و بوتڵی ئۆكسجین بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو.
لەلایەن خۆیەوە دكتۆر ئەرجان محەمەد رەشید بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی كەركوك سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکانی خستە ئامادەباشی تەواوەوە، تا ئامادەی وەرگرتنی حاڵەتەكانی تەنگەنەفەسی ببن بەهۆی تێكچوونی كەشوهەواوە.
داواش لە هاوڵاتیان دەکات پابەندی ئەو رێنماییانە بن، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکوک و بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەرچووە، بۆ پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی خۆیان لە زریانی توندی خۆڵبارین.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 1.5.2025 وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق، داخستنی فڕۆکەخانەی بەغدای بە شێوەیەکی کاتی راگەیاند بەهۆی نالەباری کەشوهەوا، ئەوەش دوای زریانێکی خۆڵبارین کە پایتەختی عێراق و چەند ناوچەیەكی دیكەی گرتەوە، كە دواتر گەشتەكان دەستیپێكردەوە.