هاوینێكی گەرم و پڕوكێنەر بەڕێوەیە

شارەزایەكی كەشناسی بە دووری نازانێت خۆڵبارین هەرێمیش بگرێتەوە

964+

محەمەد فاتیح

ماوەیەكە گۆڕانكاری زۆر و لەپڕ بەسەر كەشوهەوای عێراقدا دێت و ناوبەناوە خۆڵبارین دەستپێدەكات و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و لە ئێستاشدا شەپۆلێكی خۆڵبارین عێراقی گرتووەتەوە، بە قسەی شارەزاییەكی كەشناسییش، بۆی هەیە دووبارە بگاتەوە هەرێمی كوردستانیش.

سادق عەتییە، شارەزا لە بواری كەشناسی پێشبینی كرد ئەم خۆڵبارینە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە و تایبەت بە 964ـی وت، هەموو شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئێستا بە قۆناغی راگوزەردا تێپەڕدەبن، بە هۆی ئەوەی لە وەرزی زستانەوە دەچینە نێو وەرزی هاوینەوە و شەپۆڵی خۆڵبارین زیادی كردووە و ناوبەناوە دووبارە دەبێتەوە.

وتيشى، ئەمڕۆ پێنجشەممە وەك بینیمان زۆربەی ناوچەكانی رۆژئاوای عێراق كەوتە ژێر كاریگەریی خۆڵبارینەوە، چونكە كەشوهەوای بەهار زوو زوو گۆڕانكاری بەسەردا دێت و كتوپڕ دەبێت بە هۆی جێگیرنەبوونی سیستەمی هەوا، ئێستاش هەموو شارەكانی عێراق و هەروەها هەرێمی كوردستانیش ئەگەری خۆڵبارینیان لەسەرە.

“ئەوەی لە ئێستادا كاریگەری خستووەتە سەرمان نزمە پاڵەستۆیەكە كە لە باكووری ئەفریقاوە رووی كردووەتە عێراق ناسرواە بە نزمە پاڵەپەستۆی خووماسینی كە زۆر وشكە و كاتێكیش بە ناوچە وشكەكاندا تێپەڕ دەبێت دابەزینی پەستانی بەرگەهەوا دروست دەكات و دەبێته هۆی چالاكبوونی رەشەبا و دروستبوونی گۆڕانكاری گەورە لە كەش و هەوادا” سادق عەتیە واى وت.

پێشبینیشیكرد كاریگەری ئەم شەپۆلی خۆڵبارینە لەسەر عێراق تاكو رۆژی شەممە بەردەوام بێت، بەهەمان شێوە گۆڕانكاریەكانی بەهاریش بەردەوام دەبێت لەگەڵماندا و پلەكانی گەرماش بە جێگیری نامێنێتەوە و ئەم حاڵەتە لە ناوەڕاستی مانگی ئایار 30.5.2025 كۆتایی پێدێت و دوای ئەوە كەش و هەوا جێگیر دەبێت و دەكەوینە ناو هاوینێكی گەرم و پڕوكێنەرەوە.