دوکان خەریکە بە دەست هەندێ کەسەوە هیلاک دەبێت
ئەو گەشتیارانەی ئاوەکەیان پیس کرد بە ئاسانی بۆی دەرباز نابن
+964
دیلان محەمەد جەزا-سلێمانی
پێش هەفتەیە ڤیدیۆی چەند گەشتیارێک بڵاوبووەوە کە بە دەم قۆشمەو پێکەنینەوە قاپێک خواردن فڕێ دەدەنە ئاوی دوکانەوە، خەڵک بەمە زۆر توڕەبوون، لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس باسی ئەمە بوو، دەیانوت دەبێ لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
دیلان محەمەدجەزا پەیامنێری 964 چووە دوکان و سۆراغی ڤیدیۆکەی کرد، بەڵام هەر ئەوە نا، لە دۆخی پاکوخاوێنی شارۆچکەکەی کۆڵییەوە، بینی خەڵک و ژینگەپارێزان و بەرپرسانی شارەکەش بەدەست هەندێک لە گەشتیارانەوە هیلاک بوون.
سەرکەوت حەمەرەشید سەرپەرشتیاری خاوێنکردنەوەی زۆنی دووی دوکان دەڵێت ”لە رۆژانی ئاسایی لە شارۆچکەی دوکان 35 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆ دەکەینەوە، بەڵام رۆژانی پشوو دەگاتە 70 تۆن”، سەرکەوت ناڕەحەت بوو کە هەندێ لە گەشتیارەکان بێباکن و حیساب بۆ ماندوبوونی ژینگەپارێزەکان ناکەن و چییان بێت بە دەستەوە فڕێی دەدەنە ناو ئاواکە.
بۆ سۆراغی ئەو ڤیدیۆیەش کە باسمان کرد، رێژین رەئوف بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان دەڵێت ”لە رێی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانەوە ژمارەی ئۆتۆمبێلی ئەو کەسانەمان دەست کەوتووەو ناهێڵین بێ لێپێچینەوە تێپەر ببێت”.
بەرپرسانی شار دەڵێن هەموو گەشتیاران هەروا خراپ نین، خەڵکێکی زۆر هەموو شتێک لە ئسوڵی سەیرانکردن و پاکوخاوێنی دەزانن و پابەندن پێوەی، بەڵام داوا دەکەن زۆر ئاگایان لە ئاوی دوکان بێت، چونکە بۆ خۆیان خراپە.
سیروان سەرحەد قایمقامی دوکان بە 964ی وت ”بەس لەم سنوورە ملیۆنێک و 500 هەزار کەس ئاوی دوکان سەرچاوەی یەکەمی ئاوی خواردنەوەیانە، بۆیە داوامان ئەوەیە لەبەر خۆیان ئاگایان لە خاوێنی زێیەکە بێت”.