رێگای جێگرەوە دانراوە

بەشێکی رێگای سەرەکی سلێمانی – کەرکوک بۆ ماوەی دوو مانگ دادەخرێت

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

بەشێکی رێگای سلێمانی – کەرکوک بە دیاریکراوی نزیک پردە کۆنەکەی تاسڵوجە، بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ بەربەست دەکرێت و رێگایەکی جێگرەوەش بۆ شۆفێران دانراوە.

هۆگر مستەفا، ئەندازیار لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لەم رێگایە کاری بڕینەوە دەکرێت بۆیە بەشێوەیەکی کاتی رێڕەوی رێگاکەمان گۆڕیوە و ئۆتۆمبێلەکان نزیکەی 500 مەترێک دەچنە سایدی بەرامبەر و دواتر دەگەڕێنەوە سایدی خۆیان.

ئەو ئەندازیارە وتیشی: بڕین و چاککردنەوەی ئەو رێگایە نزیکەی دوو مانگێکی دەخایەنێت.

عەقید کاروان عومەر، بەرپرسی هاتوچۆ بە 964ـی وت: مەفرەزەکانی هاتوچۆ بەتەواوی لەو جێگەیەن و هەموو رێکارێکی یاسایی دەگرنەبەر تا ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ هاوڵاتیان دروست نەبێت.

پێداچوونەوە: هەژان هادی