توێژەری كاروباری نێودەوڵەتی لە واشنتن:

هەرێمی کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ

964+

محەمەد فاتیح

لە بەردەوامی ئەو گۆڕانكارییە بە پەلانەی لە ناوچەكەدا روودەدەن و نەخشەی سیاسی چەندین وڵاتی گۆڕی، هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و كورد بەگشتی بووەتە جێگەی بایەخی وڵاتە زلهێزەكانی جيهان و پاڵپشتی لێ‌ دەكەن.

بینەر كوردی توێژەری كاروباری نێودەوڵەتی لە واشنتن رۆڵی كوردی لەم گۆڕانگارییانەدا بەرز نرخاند و تایبەت بە 964ـی وت، هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا بۆتە فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیری لە ناوچەکەدا و پێگەی کورد ئەمڕۆ نەک تەنها بایەخی ستراتیژی هەیە، بەڵکو لە رووی جیۆپۆلیتیکییەوە بۆتە کلیلی هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

“نەخشەی پەیوەندییەکانی کورد و ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوسەنگی و هاوبەشی ستراتیژیدا خۆی دەبینێتەوە، واشنتۆن دەزانێت ئەزموونی کوردی لە ناوچەکە هاوتەریبە بە بەرژەوەندییەکانی خۆيى و هاوپەیمانەکانی و بەربەستە لە بەردەم هەژموونی گرووپە تونڕەو و هێزە ناسەقامگیرکەرەکانی ناوچەکە” بینەر كوردی واى وت.

ئەو دەشڵێت کورد لە خاڵی وەرچەرخانێکی مێژووییدایە، ئەمڕۆ کوردستان ئەکتەرێکی گرنگ و متمانەپێکراویی سیاسی و ستراتیژی و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەکتەرە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان پەیوەندی پتەو و بەهێزیان هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە چاوی هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو کورد دەبینن کە توانیویەتی لە ئاگری قەیرانەکاندا خۆی بپارێزێت و ببێتە هاوبەشێکی گرنگ لە ناوچەیەکی پڕ ئاژاوەدا.

ئاشكراشیكرد لەسەر ئاستی باڵا پەیوەندی بەردەوام و بەهێز هەیە لە نێوان وڵاتانی زلهێز و هەرێمی كوردستان و لەم چەند رۆژەی رابردوودا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی هەرێمیان كردووە و ئەمانە هەمووی دەرخەری ئەوەن كورد ئەكتەرێكی گرنگە لە ناوچەكە و لەسەر مێزی گفتووگۆكانە.

بینەر كوردی پێی وایە لە سایەی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەدا، هەرێمی کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و کورد ڕۆڵی گرنگی هەیە لە گۆڕانکارییەکاندا و بەهێزترین کارتەکانی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی، یەکگرتوویی ناوخۆیی و گوتار و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیەتی، کە کردوویەتییە هێزێکی کاریگەر لە دیاریکردنی ئایندەی ناوچەکە و گۆڕانگاریەکاندا