ژمارەیەک کرێکار لە شەقامێکی گشتی کەرەستەکانیان بۆ کارکردن داناوە _ وێنە: 964
سبەینێ یەکی ئایارە
ئەو پیاوانەی باڵەخانە بناغە دەکەن ئەحتیاجی زەوین
964+
ئەحمەد مستەفا
سبەینێ جەژنی 139 ساڵەیانە؛ بەڵام سێ داواکارییان لە مەکتەبی تەنفیزی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان نوسیووە و بۆ رۆژی “یەکی ئایار” ئاڕاستەی حکومەتیان کردووە، کرێکاران جگە لە داواکردنی پێشنینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری، ئەوان کە رۆژانە بناغەی باڵەخانە و ماڵان دەکەن، داوای وەرگرتنی زەوی دەکەن.
سبەی 1.5.2024 رۆژی کرێکارانە لە جیهان، مەکتەبی تەنفیزییەکەیان کە کۆکەرەوەی سەرجەم، سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستانە پەیامی هەیە و بەشێکی زۆری ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە و ترسیان لە سیستمی سەرمایەداری هەیە، کە لە گەڵیدا تەکنەلۆجیا داهێنراون و جێگەی دەست و بازوی کەسانی ئاسایی دەگرێتەوە.
جارێک ئەوان خەمیان دۆخی کوردستانە و لە راگەیەندراوەکەیاندا کە بۆ 964 نێردراوە دەڵێن، ئۆمێد دەکەن هەرچی زووە سازان و یەکڕیزیی نیشتمانیی لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بگەنە ئاستی رێکەوتن و پێکهێنانی حکومەت.
جارێکی دیکە داوایان کردووە، بەمەبەستی ئاشناییكردنی زۆرترین کادری زانکۆیی بە تایبەت كەسانی ئارەزوومەند بە فێربوون و پێگەیاندنی بوارەكە، هەرسێ یاسای بەرکار بخرێنە پڕۆگرامی خوێندنەوە، لە زانکۆ و پەیمانگاکان، پەیمانگای دادوەری و دادوەرانی کار، لە پەیمانگە دادوەرییەوە زیاتر ئاشنا بکرێن بە یاسا پەیوەندیدارەکان بە کار و کرێکارانەوە.
ئەو مەکتەبە دەربارەی رێنمایی کرێکارانی خزمەتگوزاری ماڵان لە هەرێمی کوردستان، داوای زیادکردنی (لایەنی کەمیی کرێی کرێکارانی ناکارامە)ی بۆ دەستەبەری کرێکاران لە 350 هەزار دینارەوە کە سێ ساڵە پێداچوونەوەی بۆ نەکراوە بکرێتە 520 هەزار دینار، زیادکردنی کرێی کاتژمێری کارکردن، کاتژمێرەکانی کارکردنی هەفتانە لە 48 کاتژمێرەوە، کەمبکرێتە بۆ 42 کاتژمێر.