هاوڵاتیانى مەدەنى بەئامانج دەگیرێن

BBC بەڵگەفیلمێک لەسەر بۆردوومانى ناوچە سنوورییەکانى هەرێم بەرهەمدەهێنێت

وریا فەتاح

کەناڵى BBCـى بەریتانى بەڵگەفیلمێک لەسەر بۆردوومانى ناوچە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان بەرهەمدەهێنێت و تیشک دەخاتەسەر بەئامانجگرتنى هاوڵاتیانى مەدەنى لەلایەن فڕۆکەکانى تورکیاوە.

بەڵگەفیلمەکە لەژێر ناوى “ناوچەی قەدەغەکراو”ـە، بەرهەمهێنراوە و تێیدا تیشک دەخاتە سەر ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان.

وەک ئەوەى خستوویەتییەڕوو، ئۆپەراسیۆنەکانى تورکیا بەتەنیا بۆسەر پەکەکە نییە بەڵکو “داگیرکارییە”، چونکە تورکیا 137 بنکە و بارەگاى سەربازى لەسەر خاکى هەرێمى کوردستان دروستکردووە.

لە بەشێکى دیکەى بەڵگەفیلمەکەدا ئەوە روونکراوەتەوە کە هاوڵاتیانى مەدەنى بەئامانجگیراون و رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان و کار لە رەزو باخەکانیان بکەن.

بەشێکى ترى بەڵگەفیلمەکە تەرخانکراوە بۆ قوربانیانى بۆردومانەکان و تێیدا ئەوە روونکراوەتەوە کە حکومەتى هەرێم قەرەبوویان ناکاتەوە، تەنانەت هەندێکجار قوربانییەکان ناتوانن سکاڵاش بکەن.

بەڵگە فیلمەکە بەرەنجامى دوو ساڵ کارکردنى تیمێکى تایبەتى رۆژنامەوانى BBCیە، و تێیدا چەندین کەسایەتى رێکخراوەیى و حکومى و حزبى قسەیان تێیدا کردووە، ئەوە جگە لەوەى خانەوادەى قوربانیان و جوتیارانیش قسەیان تێیدا کردووە.

لێرەوە بەڵگەفیلمەکە بە زمانى ئینگلیزى ببینە

لێرەوە بەڵگەفیلمەکە بە زمانى عەرەبى ببینە