بەهۆی هاندەرانەوە زیانی 100 ملیۆن دیناری بەركەوتووە

  یانەی نەورۆز تانە لە بڕیارەكانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەدات

+964

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29.4.2025 لیژنەی رێككاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە بڕیارەكانیدا زۆر بە قورسی هەردوو یانەی نەورۆز و زاخۆی سزادا، لەلایەن دەستەی كارگێڕی یانەی نەورۆزەوە تانە لە بڕیارەكانی لیژنەی رێكاری دراوە.

لەبارەی بڕیارەكانی لیژنەی رێكارییەوە، نەوا لەتیف بەرپرسی راگەیاندنی یانەی نەورۆز بە 964ـی وت، بڕیارەكان كۆتایی نین و قابیلی تانە لێدانن، تیمێكی یانەی نەورۆز سێ رۆژە لە بەغدان و لەگەڵ لیژنەی رێكاری لەهەوڵی كەمكردنەوەی سزاكانن.

تانەكان لە سێ خاڵی بڕیارەكە دراوە ئەوانیش:

بڕیاری ئامادەنەبوونی هاندەران بۆ دوو بۆ سێ یاری كەم بكرێتەوە.

بڕی ئەو پێ بژاردنەی دیاریكراوە، وەكو سزای یانەكە كەمبكرێتەوە بۆ بڕێكی كەمتر لەو 25 ملیۆن دینارەی دیاریكراوە.

رەتكردنەوەی تەلبەند كردنی یاریگاكە و لەبری ئەوە چەند ئۆپشنێكی دیكەی وەكو شوشەیەكی شەفافی درع، تەلێكی هێڵەگی وردمان وەكو جێگرەوەی بڕیارەكە بۆ لیژنەكە پێشنیار كردووە.

وتیشی، “چاوەڕوان دەكەین لەماوەی 24 كاتژمێری داهاتوو دا، لەلایەن لیژنەی رێكاری فیدراسیۆنەوە وەڵامی تانەكانمان بدرێتەوە”.

ئەو وتەبێژە دەشڵێت، لەهەوڵی ئەوەدان دەستكاری هەیكەلی یاریگاكە بكەن، بۆئەوەی رووبەڕووی ئەو كێشەیە نەبنەوە و جارێكی دیكە گرفتەكان دوبارە نەبێتەوە، هەریەك لە شوێنی هاندەرانی میوان و ئۆڵتراسی یانەكە، جۆرە راگرێكی تایبەتی بۆ دادەنرێت.

وەك باسی دەكات، بەهۆی كێشە و ئاژاوەی هاندەرانەوە، تائێستا نزیكەی 100 ملیۆن دینار زیانی ماددی بەر یانەی نەورۆز كەوتووە.

“ئێمە ویستمان لە یاریگای نەورۆز دا دیمەنێكی سەرنجڕاكێش و شارستانی پێشكەش بە عێراق و ناوچەكە بكەین، بەڵام كاتێك هاندەران ئەو گرفتانە دروست دەكەن، بەداخەوە ناچارمان دەكات دەیان هەنگاو بەرەو دواوە بگەڕێینەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

نەورۆز و زاخۆ باجى شەڕەکەی نێوانیان دا

نەورۆز و زاخۆ باجى شەڕەکەی نێوانیان دا