بەڵام "ئەمما"یەکی لەگەڵە

ئێران رێگە بە ژاپۆن دەدات کەشتییەکانی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئاژانسی هەواڵی کیۆدۆی ژاپۆنی بڵاویکردەوە، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پێشنیاری کردووە کەشتی و تانکەرەکانی ژاپۆن بە “رێگەی سەلامەت” بەناو گەرووی هورمزدا ​​تێپەڕن، بەمەرجێک هەماهەنگی راستەوخۆ لەگەڵ تاران هەبێت.

ئاژانسەکە دەڵێت، عەراقچی روونی کردەوە تاران سیاسەتی “داخستنی تەواو” ناگرێتەبەر، بەڵکو سنووردارکردنی هەڵبژێردراو دەسەپێنێت و ئەو وڵاتانە دەکاتە ئامانج کە راستەوخۆ تێوەگلاون لە ململانێ لەگەڵیدا، بەمەش دەرگا بۆ وڵاتانی وەک ژاپۆن دەکاتەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دابینکردنی وزە و سووتەمەنی.

سەرەڕای ئەم دەستپێشخەرییە ئێرانییە، ژاپۆن بەشێکە لە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی شەش لایەنی (کە فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و هۆڵەندا پێکهاتووە) کە ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە دەستەبەرکردنی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا راگەیاندووە، ئەمەش دیپلۆماسیەتی ژاپۆن دەخاتە دۆخێکی سەختەوە، هاوسەنگی لە نێوان پێویستی دەستەبەرکردنی دابینکردنی سووتەمەنی و پابەندبوونی بە لایەنەکانی دیکە هاوپەیمانیەتییەکە.