شەڕێکى کراوەیە

زیانەکانى شەڕى نێوان ئەفغانستان و پاکستان بە ژمارە

964+

وریا فەتاح

دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە ئەفغانستان رایانگەیاند کە لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی هەفتەی رابردووی سوپای پاکستان، هێرشی بەرفراوانیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لەسەر سنوور. لە بەرامبەردا پاکستان دەڵێت وەڵامێکی توندیان داوەتەوە و زیانی گەورەیان بە تاڵیبان گەیاندووە.

بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەربازیی ئەفغانستان لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، شەوی پێنجشەممە “پێکدادانی قورس” لە پارێزگاکانی نەنگەرهار و پاکتیا دەستی پێکردووە.

زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) رایگەیاند: “لە وەڵامی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی پاکستان، ئۆپەراسیۆنی هێرشبەری بەرفراوانمان دژی بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی پاکستان لەسەر هێڵی دیورەند دەستپێکردووە.”

زیانەکان بەپێی ئاماری هەردوولا:
ئامارەکان لە نێوان هەردوولادا ناکۆکییەکی زۆریان تێدایە:

لایەنی ئەفغانی: سەرچاوەیەکی سەربازیی ئەفغانی بە میدیاکانى وتووە کە لە هێرشەکانیاندا 10 سەربازی پاکستانی کوژراون و 13 بنکەی سەربازیی پاکستان کۆنتڕۆڵ کراون.
لایەنی پاکستانی: حکومەتی پاکستان رەتیدەکاتەوە هیچ بنکەیەکی لەدەست دابێت. موشەڕەف زەیدی، وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی پاکستان بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە وەڵامدانەوەکەیاندا 133 چەکداری تاڵیبانیان کوشتووە و زیاتر لە 200 چەکداری دیکەش بریندار بوون، هەروەها 27 بنکەی تاڵیبانیان وێران کردووە و 9 بنکەشیان گرتووە.
هۆکاری گرژییەکان:

هێڵی دوراند کە وەک سنووری نێوان هەردوو وڵات دەناسرێت، مێژوویەکی درێژی لە کێشە و ململانێ هەیە و لە ئێستادا بووەتە چەقێکی مەترسیداری پێکدادانی سەربازی لە ناوچەکەدا.

پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەم مانگانەی دواییدا بە تەواوی تێکچووە. پاکستان حکومەتی تاڵیبان تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بووەتە پەناگە بۆ چەکدارانی “تاڵیبانی پاکستان ” و لەوێوە هێرش دەکەنە سەر پاکستان، بەڵام کابوڵ ئەم تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.

چاودێران هۆشداری دەدەن کە دوای ئەوەی ساڵی 2025 ساڵێکی پڕ لە توندوتیژی بوو لەسەر سنوورەکان، پێدەچێت ساڵی 2026 گرژییەکان زیاتر پەرە بسێنن ئەگەر رێگەچارەیەک نەدۆزرێتەوە.

ساڵى پاریش هەر شەڕ بوو:
لە ئۆتۆبەرى 2025یش، خولێکى شەڕ و ئاڵۆزى لە نێوان ئەو دوو وڵاتە ئەنجامدرا  پاکستان و ئەفغانستان لەسەر سنوور و مەرزەکانیان توشى کێشە ببون و ناوە ناوە هێرشیان دەکردە سەریەکترى، بەڵام 19ى هەمان مانگ قەتەر و تورکیا، ئاوێکیان بەو ئاگرەداکرد و هەردوو وڵاتى بەشەڕهاتووش بەڵێنى دەستبەجێ راگرتنى شەڕ و ئاگربەستیان بە سوڵحکاران دا.

پاکستان و ئەفغانستان لەسەر ئاگربەستی دەستبەجێ رێککەوت...

پاکستان و ئەفغانستان لەسەر ئاگربەستی دەستبەجێ رێککەوتن