لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە

سوپای پاسداران: شوێن و پێگەی گروپە دژەکانمان لە هەرێمی  کوردستان وێران کردووە

964+

فەرهاد حەسەن

سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت هەرچی شوێن و پێگەی گروپە دژەکانی ئێرانە لە هەرێمی  کوردستانی عێراق لە رێگەی چەندین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، هەموویان وێران کراون.

بە پێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی پێوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاندووە کە شوێنەکانی ئەو گروپانە لە هەرێمی کوردستانی ئێراق کە پلانی دزەکردن و هێرشیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دانابوو، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە لە دوای ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی ئامانجدار کە تیایدا هەڵدانی  30 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوو، لەناوچوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە و خێرا بۆ هەموو گروپە سەرپێچیکار و دوژمنکارەکان، بەبێ گوێدانە شوێنی جوگرافییان، ئێستا لە کارنامەی یەکەکانی ئەمنی و ئۆپەراسیۆنی سوپای پاسداراندایە.

جەختی لەوە کردەوە کە هیچ نەرمییەک بەرامبەر بەو کەسانە نانوێنن، کە میوانداری دەکەن یان بەشدارن لە هەر کارێک کە هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بکات.