لە جەنگەی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون
گامێشێک بە مرداری لە نزیک گەڕەکێکی خانەقین فڕێدراوە
راژان باجەڵان – خانەقین
سەرەڕای مەترسی تای خوێنبەربوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە شارەکانی خوارووی عێراق و کەرکوک، لە نزیک گەڕەکی جەلەوەی خانەقین گامێشێک بە مرداری فڕێدراوە .
جەواد فەیزوڵا قایمقامی خانەقین بە 964ـی وت، شارەوانیان لەو بابەتە ئاگادار کردووتەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئەو گامێشە لەوێ لابدەن، دەربارەی ئامادەکردنی شانەی وەڵامدانەوەی خێراش، ئاماژەی بەوە کرد کە چاوەڕێی رێنمایی سەرەوەی خۆیانن.
بەقسەی چەند شایەتحاڵەێک ئەو گامێشە لە گوندی گەرمکەوە و بە تراکتۆر براوەتە ئەو شوێنە و خەڵکی گوندەکەش، گومانیان لە مرداربوونەوەی ئەو ئاژەڵە هەیە، چونکە کتوپڕ و ناکاو مردار بووەتەوە و پێشتر نەخۆش نەبووە.
ئەو گامێشە لە نزیک یاریگایەکی تۆپی پێ لە گەڕەکی جەلەوە لە نزیک رووباری ئەڵوەن فڕێدراوە و هەر لەو شوێنە ئێواران دەیان منداڵ یاری دەکەن و گەنجانیش کۆدەبنەوە .
دەربارەی ئامارەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە خانەقین، د. شوان شاکر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خانەقین بە 964ـی وت، “تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارنەکراوە و گومانیشیان لە هیچ کەس نییە کە تووشی نەخۆشییەکە بووبێت”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری