فێستیڤاڵی پایزەی هەولێر میوزیک و هەڵپەڕکێی کلتووری پێکهاتەکانی لەباوەش گرت
هەشت تیپ لە ئاستی کوردستان و عێراق بەشدار بوون
میدیازان – هەژار ئەنوەر – هەولێر
لە فێستیڤاڵی پایزەی هەولێردا هەشت تیپی میللی پێکهاتەکانی کوردستان، بە تابلۆی هونەری جیاوازی میوزیک و هەڵپەڕکێ باسیان لە پێکەوە ژیان لە کوردستان کرد.
فیستیڤاڵی پایزەی هەمە چەشنەی کلتوری و رۆشنبیری، بە بەشداری هەشت تیپی میللی هونەری سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان، لەسەر قەڵای هەولێر بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، یەکی تشرینی دووەم، فیستیڤاڵی ھەمەچەشنەی کلتور و ڕۆشنبیری و ھونەرە میللیەکان لە هەولێر بەڕێوەچوو، لە فێستیڤالەکەدا هەشت تیپی هونەری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، بە تابلۆی هونەری جیاوازی میوزیک و هەڵپەڕکێ کلتوورو مێژووی خۆیان بە ئامادەبووان و کوردستانیان ناساند.
“لە فیستیڤاڵەکەی هەولێر، پێکهاتەکان لەسەر تەختەی شانۆ بە جلوبەرگی کلتووری و بە میوزیکی میللی خۆیان چەندان تابلۆی جیاوازی هەڵپەڕکێیان پێشکەش کرد”
گەیلان ئاڵتی بەرماغ، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری تورکمانی بە میدیازانی ڕاگەیاند، گرنگی فێستیڤاڵەکە لەوەدایە سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان بە تابلۆ هونەرییەکانیان باس لە کولتووری خۆیان دەکەن، وتی “جگە لەمە، تابلۆکانی ئێمە باسی لە قوڵکردنەوەی پێکەوە ژیانی دەکرد لە کوردستان، ئاشنا کردنی نەوەی نوێ بە مێژووی تورکمان لە کوردستان”.
پەیامنێری میدیازان کە لەوێ بوو دەڵێ، فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵی هەولێر یەک رۆژ بوو، هەریەکە لە تیپەکانی نەتەوەیی ھونەرە میللییەکانی تورکمان، تیپی فۆلکلۆری عێراقی، ستافی ماڵی تورکمان، تیپی ھونەری شنگال، تیپی نەتەوەیی ھونەرە میللییەکانی ھەولێر، تیپی بابولحاڕەی شام و تیپی سریان بۆ ھونەرە میللییەکانی بغدیدی قەرەقووش، هاتنە سەر تەختی شانۆو، بە جلوبەرگی کلتووری و بەدەم میوزیکی میللی خۆیان چەندان تابلۆی جیاوازی هەڵپەڕکێیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، کە بووە جێی سەرنجیان.
فیستیڤاڵی پایزەی هەمە چەشنەی کلتوری و ڕۆشنبیری، فێستیڤاڵێکی ساڵانەیەو وەزارەتی رۆشنبری رێکی دەخات، ساڵانی رابردوو ئەو فێستیڤاڵە لە دهۆک و سلێمانی بەڕێوەچووە، بۆ ئەمساڵیش لەسەر قەلای هەولێر ئەنجامدرا.
گەیلان ئاڵتی بەرماغ زیاتر وتی “لەم فیستیڤاڵەدا کورد، تورکمان، عەرەب، سریانی و کریستیان و کوردی سوریاش بەشدار بوون، سەکۆیەک بوو بۆ ئاشنا بوون بە کولتوری پێکهاتەکان و زیندوو کردنەوەیان”.