پێنج کەسیش دەستگیر کران

لە سنە دوو تۆن گۆشتی ئەسپ دەستی بەسەرداگیرا

شۆڕش قادری

لە شاری قوروەـی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو تۆن گۆشتی ئەسپ و ژمارەیەک کەر و ئەسپی زیندوو دەستیان بەسەرداگیرا و پێنج کەسیش دەستگیر کران.

ئاژانسی هەواڵی مێهر لەزاری کامبیز رۆستەم نیا فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانی قوروە بڵاویکردووەتەوە، دوای بەدواداچوونی هێزەکانیان، سەربڕخانەیەکی بێ مۆڵەتی ئاژەڵ دۆزراوەتەوە و تیایدا دوو تۆن گۆشتی ئەسپ و چەندین کەر و ئەسپی زیندووی دیکەش دەستی بەسەرداگیراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە پەیوەندی بەو رووداوە پێنج کەس دەستگیر کراون و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.

فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانی قوروە داوایشی لە خەڵی شارەکە کردووە، لە کاتی بینینی هەر حاڵەتێکی گوماناوی لەو شێوەیە پەیوەندیان پێوە بکەن.