"کاری تێدا دەکرێت و نۆژەن دەکرێتەوە"

پردی گەلی زنتە لە ئاکرێ دادەخرێت؛ ئەگەر چوویتە ئەو دەڤەرە رێگای بەدیل هەیە

هیڤی دێوالی – دهۆک

بۆ ماوەی دوو رۆژ رێگای پردی گەلی زنتە لە قەزای ئاکرێ دادەخرێت و لەو دوو رۆژەدا شۆفێران دەتوانن، رێگایەک لەناو گوندی زنتە بۆ سەر رێگای سەرەکیی جووت سایدی قەندیل، وەک رێگای بەدیل بەکاربهێنن.

پردەکە رێگایەکی سەرەکی بەسەرەوەیە کە بۆ سەیرانگا و شوێنی گەشتیارییەکانی گەلی زنتە و گوندەکانی سنووری ناحیەی دینارتە دەڕوات، بەهۆی بارانبارین زیان بە پردەکە گەیشتووە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی قەزای ئاکرێ کارێ تێدا دەکرێت و نۆژەن دەکرێتەوە .

موحسن میرانی بەڕێوەبەری نۆژەنکردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی  قەزای ئاکرێ بە 964ـی وت، ” لە ئەمڕۆ دووشەممەوە 28.4.2025 رێگای پردی گەلی زنتە داخراوە و تا دوو رۆژی دیکەش بە داخراوی دەمێنێتەوە، بەهۆی کارکردن لەسەر پردەکە و گوڕین و نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەک لە پلێتەکانی”.

وتیشی، پڕۆژەکانیان بۆ چاککردنەوەی پردەکانی سنووری قەزای ئاکرێ بەردەوامن و پردی گەلی زنتەـش لەسەر بودجەی مانگانەی رێگاوبانی ئاکرێ نۆژەن دەکرێتەوە.

بەقسەی موحسن میرانی، لەو ماوەیەدا شۆفێران دەتوانن، رێگای گوندی زنتە بۆ جووت سایدی قەندیل و ناو سەنتەری قەزای ئاکرێ، وەک رێگای بەدیل بەکاربهێنن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری