هەر دەڵێى خەیاڵن و کراون بە تابلۆ
تاڤگەکانى قەندیل خەریکە وشک دەبن
964+
وریا فەتاح
تا چاو بڕکات جوانى و سەختى دەبینى، گوڵى شلێر و بەیبون و کەنگر و رێواس دەورى تاڤگەکانیانداوە و دیمەنێکى جوانیان نەخشاندووە، بەڵام کەمیى باران و بەفر، مەترسى لەسەر وشککردنیان دروستکردووە.
گوندى رەزگەى سەر بە ناحیەى ژاراوە لە سنوورى پشدەر، لە قوڵایى زنجیرەچیاى قەندیل هەڵکەوتووە، لە پشتى گوندەکەوە ژمارەیەک تاڤگە تابلۆیەکى جوانیان بەبەر گوندەکەدا کردووە.
گوێلکە دۆڵە، مێرگی بەشان و بن، حەساری ریسووکەرە، دۆڵێ بانگوێڕان، چیلك و گامۆڵ و واری و كانی شینكە و بازاڕی ورچان، دۆڵوا، ناوى تاڤگەکانن.
هەموویان لە پشت توانەوەى بەفرى ئاوى قەندیل دەبەستن، بەڵام ئەمساڵ بەهۆى کەمى باران و بەفر، تاڤگەکان خەریکە وشک دەبن.
سەختى شوێنەکە و دوورییەکەى و مەترسی دۆخى ئەمنى، وایکردووە خەڵکى لە بینینى ئەو تابلۆ جوانانە بێبەشبن، کە سروشت بە خاکى هەرێمى بەخشیوە.