دوو ئەستێرەی دراماکانی حسێن میسری
“ئەم شتە تورکی و فارسی و هیندیانە ئیشی ئێمەیان وەستاند”
964+
دیلان محەمەد- سلێمانی
هەردوو هاوسەر و ئەکتەر، نەوزاد مەجید و سەبیحە ئیسماعیل، سەردەمانێک ئەستێرەی دراما کوردییەکان بوون، بەڵام ئێستا دوورن لە شاشەکان و وەک خۆیان دەڵێن، حەزمان لە ئیشی هونەرییە و دەستناکەوێ.
سەبیحە ئیسماعیل لە وەرزی یەکەمی درامای گەردەلول رۆڵێکی دیاری هەبووە، بەڵام لە وەرزەکانی دواتر دیارنەما، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ 964 وتی، دراماکە وەرزی یەکەم و دووەمی باش بوو، بەڵام دواتر بوو بە نمایشی جلوبەرگ و منداڵە ورتکە، من حەزم بە ئیشی ئەم جیلە نییە و لەگەڵیان ئیش ناکەم.
هاوکات نەوزاد مەجید داوا لە هونەرمەندان دەکات، کە گرنگی بە شێواز و بەرهەمهێنانی دراما کوردییەکان بدەن، تەنیا رۆڵ بینین نەبێ، دەبێ بزانن ناوەڕۆکەکەی چییە، بە خۆشەویستییەوە ئیش بکەن.
ئەم دوو هاوسەرە ئێستا پێکەوە لەماڵەوە کاتەکانیان بەڕێدەکەن، سەبیحە خانیش دەڵێت، نەوزاد رەزیلە و گوڵم بۆ ناهێنێ، هەرچەندە خۆی گوڵە بۆ ژیانم.
پێداچوونەوەی: پەری ساڵح