دیمەنی بەرزترین ئاڵای کوردستان لە کۆرنیشی زاخۆ وێنە: ئیدارەی زاخۆ
لە کۆڕنیشی زاخۆ
بەرزترین ئاڵای کوردستان لەسەر ئاستی هەرێم هەڵکرا
ژێوار خدر
لە رێوڕەسمێکدا بەرزترین ئاڵای کوردستان لەسەر ئاستی هەرێم لە پردی دەلالی زاخۆ هەڵکرا، کە بەرزییەکەی 60 مەترە.
شڤان عەبدی، بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە 964ـی وت، ئەم ئاڵایە بەرزترین ئاڵایە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆ یەکشەممە 27.11.2025 لە رێوڕەسمێکدا ئاڵاکە لە کۆڕنیشی زاخۆ هەڵکرا.
وتیشی، شوێنەکە گەشتیارییە و خەڵکانێکی زۆر رۆژانە سەردانی دەکەن، بۆیە بەپێویستمان زانی مۆرکێکی نیشتمانی پێوەبێ و ئەم ئاڵایەی کوردستانمان لێ هەڵکرد.
روونیشیکردەوە، ئاڵاکە 60 مەتر بەرزە و پانییەکەی حەوت مەتر و نیو و درێژییەکەشی 17 مەترە.
باسی لەوەش کرد، لەهەمان کاتدا کتێبخانەیەکیش لە کۆرنیشەکەدا کراوەتەوە، بۆ ئەو کەسانەی حەز بە خوێندنەوە دەکەن، دەتوانن سوودی لێ ببینن.