دیمەنێک لە شاری کەرکوک _ وێنە: 964
"ئیمتیازاتەکان هاوتا دەکرێن"
بەغدا چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندی کەسوکاری شەهیدانی کەرکوک دەدات
ژووری هەواڵ
حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن بۆ کەسوکاری شەهیدان لە ناوچە دابڕێنراوەکان، هاوشێوەی ئەو کەسانەی لەسەر میلاکی بەغدا سودمەندن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27.4.2025، شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدانی عێراق و راوێژکارێکی سودانی بۆ کاروباری کەسوکاری شەهیدان، بە مەبەستی هاوتاکردنی ئیمتیازاتەکانی کەسوکاری شەهیدان، سەردانی پارێزگای کەرکوکیان کرد.
رێبوار تەها لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی، یەکێک لە ئیمتیازاتەکان، وەرگرتنی کەسوکاری شەهیدان دەبێت لە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و بەشداری ناکەن لە تاقیکردنەوەی رکابەری، جگە لەوەی 10٪ـی کورسییەکان بۆ ئەوان دەبێت و پێوەری تەمەنیش نایانگرێتەوە.
بە وتەی پارێزگاری کەرکوک، لە خوێندنی زانکۆ تایبەتەکان یاخود خوێندنی ئێوارانی زانکۆ، بڕی 50٪ داشکاندن دەکرێت بۆ کەسوکاری شەهیدان.
لە بارەی ئامانجی سەردانی شاندەکە، وتی بۆ ئەوە بووە، لەومەودوا کەسوکاری شەهیدان بەتایبەتی شەهیدانی پێشمەرگە و ئەنفال لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان دەتوانن سوودمەندبن لەو ئیمتیازاتانەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەنگی لەسەردراوە بۆ کەسوکاری شەهیدان، لەکاتێکدا پێشتر بێبەشبوون لێی.