بەرهەمی کولەکە - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
لە عەلوەکانی تەقتەق و قەرەناو
نرخی یەک کیلۆ کولەکە لە هەزار دینارەوە بووە بە 100 دینار
964+
ئەحمەد مستەفا
لە عەلوەکانی قەزای تەقتەق و قەرەناو، نرخی یەک کیلۆ کولەکە لە ماوەی دوو مانگدا 900 دینار دابەزیوە، ئەگەر پێشتر بە 1000 هەزار دینار یەک کیلۆی بفرۆشرایە، ئێستا تەنیا 100 دینار دەکات.
ئەم نرخە کۆیە لە عەلوەکانی ئەو ناوچانە بۆ جوتیارەکان نیگەرانی دروست کردووە، 964 مەسروف و خەرجی ئەوانی لێک دایەوە، ئەگەر هەر کیلۆیەک کولەکە لە سەروی 500 دینارەوە بفرۆشرێ، ئەوە ئەوکاتە لە سوودی جوتیارانە.
بەم نرخەی ئێستا بێت، هەر جوتیارێک لە هەر کیلۆ کولەکەیەک 400 دینار لە زیاندایە.
سیروان عەبدوڵا، فرۆشیار لە عەلوەی قەرەناو ئەمڕۆ یەکشەممە 27.4.2025 بە 964ی وت، دوو مانگ پێش ئێستا یەک کیلۆ کولەکە بە هەزار دینار بووە، بەڵام ئێستا بە 100 دینار دەیفرۆشین، ئەمە ناهەقییە بەرامبەر جوتیاران و بەروبوومەکانیان دەکرێ، کەسیش خۆی ناکا بە خاوەنیان.
جوتیارەکان، کاری ئیجارکردنی، کێڵانی، کڕینی سۆندە، كڕینی تۆو، كڕینی مەکینەی ئاو، کڕینی گاز، کرێی کرێکار، کڕینی نایلۆن، کڕینی پەینی کیمیایی، كڕینی دەرمانی حەشەرات-یان لە ئەستۆیە.
ئەو فرۆشیارە کە لە هەمان کاتدا، کاری کشتوکاڵی دەکات و بەرهەمەکانی دەفرۆشێتەوە، وتی، مەساریفی جوتیاران زۆرە و ئەمە وادەکەن بیر لە چاندنی ئەو بەرهەمانە نەکرێتەوە، لە کاتێکدا لە زستان نرخی بەرزبووە و ئێستا کە بەرهەمی ناوخۆ پێ گەیشتووە نرخی دابەزیوە، هەموو هۆکارەکەش بۆ هاوردەکردنی دەگەڕێتەوە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە.