زیاتر له 800 كیلۆ كاكڵه گوێزی خراپبوو لە سلێمانی دەستی بەسەرداگیرا - وێنە: قایمقامیەتی سلێمانی
"بەنیازبوون لەناو شیرینی ساغی بکەنەوە"
زیاتر له 800 كیلۆ كاكڵه گوێزی خراپبوو لە سلێمانی دەستی بەسەرداگیرا
964+
شۆڕش قادری
زیاتر له 800 كیلۆ كاكڵه گوێزی خراپبوو لە سلێمانی دەستی بەسەرداگیرا کە خاوەنەکەی بەنیازبووە لەناو شیریندا ساغی بکاتەوە، نوێنه‌ری ته‌ندروستی له لیژنه‌كانیش هۆشداری توند به كارگه‌كان ده‌دات.
بەپێی راپۆرتێکی كۆگاكانی قایمقامیه‌تی سلێمانی، “له ئه‌نجامی سه‌ردانه به‌رده‌وامه‌كان بۆ كۆگاكان و پشكنین بۆ ئه‌و خوارده‌مه‌نییانه‌ی له‌لایه‌ن بازرگان و دوكانداره‌كانه‌وه به‌هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێت، لیژنه‌كه ده‌ستی به‌سه‌ر 817 كیلۆگرام كاكڵه گوێزی خراپبوودا گرتووه”.
ئاماژه بۆ ئه‌وه‌شكراوه، سه‌ره‌تا چوار كارتۆنی 10 كیلۆیی كاكڵه‌گوێز له‌ناو یه‌كێك له كارگه‌كانی شیرینیدا گیراوە، دوای به‌دواداچونی لیژنه‌ی كۆگاكانی قایمقامیه‌تی سلێمانی، توانراوە سه‌رچاوه‌كه بدۆزرێته‌وه و له كۆگایه‌كی ناوبازاڕ ده‌ست به‌سه‌ر 62 كارتۆن كاكڵه گوێزی تردا گیراوه كه خاوه‌نه‌كه‌ی به‌نیازبووه به‌سه‌ر كارگه‌كانی دروستکردنی شیرینی ساغی بكاته‌وه، هەموو ئەو کاکڵە گوێزە له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌كه‌ی رووبه‌ڕووی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه.
لەوبارەیەشەوە ئازاد نه‌بی، نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی له لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاندووە، هه‌ر كارگه‌یه‌كی شیرینی كاكڵه گوێزی خراپبوو به‌كاربهێنێت، له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه پسوڵه‌ی سه‌رپێچی بۆ ده‌كرێت و به‌جۆرێك سزا ده‌درێت کە جارێكی دیكه له شوێنه‌كه‌یدا سه‌رپچی نه‌كاته‌وه.