لەسەر کەیسی ئەو ژنەی لە سلێمانی بە نەشتەرگەری دەرهێنانی چەوری گیانی لەدەست دا
وەزارەتی تەندروستی رێكاری توند دەگرێتەبەر
964+
محەمەد فاتیح
بە هۆی ئەوەی نەخۆشخانەکە سەرپێچی یاسا و رێنماییەکانی کردووە، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە داخستنی هۆڵەکانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی سەفینی تایبەت لە شاری سلێمانی و گرتنەبەری چەند رێكارێكی یاسایی دیكە دژ بە نەخۆشخانەكە و پزیشكەكە.
وەزارەتی تەندروستی بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی ژنێک لە شاری سلێمانی لە نەخۆشخانەی سەفینی تایبەت نەشتەرگەری جوانکاری بۆ كرا و گیانی لەدەستدا، وەزارەتی تەندروستی رێکاری توندی یاسایی بەرامبەربەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی ئەنجامدابوو گرتەبەر و بڕیاریدا بە پێكهێنانی لیژنەیەك لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە کێشەی گیانلەدەستدانی ناوبراو بەپێی یاسا و بە ئامادەبوونی دادوەری داواکاری گشتی و نوێنەری سەندیکای پزیشکانی کوردستان.
رونیشیكردەەوە، پزیشکەکە بەناونیشانی پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی راگیراوە لە كاركردن، تا لیژنەی لێكۆڵینەوە كارەكانی ئەنجامدەدات، چونكە ناوبراو سەرپێچی رێنمایی فەرمانی وەزاری كردووه و کاری پسپۆڕی ئەم پزیشکە ئەنجامدانی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە نیيە، بەڵکو ئەم نەشتەرگەريیە کاری پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانکاریيە نەوەک نەشتەرگەری گشتی.
بەپێی بڕیارەكە دەبێت نەخۆشخانەی سەفینی تایبەت پێبژاردن بدات بەهۆی سەرپێچی کردنی یاسا و رێنماییەکانى تایبەت بە نەبوونی رێگەپێدانی کارکردنی پزیشکی ناوبراو لە لیستی میلاکی نەخۆشخانەكە و داخستنی هۆڵەکانی نەشتەرگەری نەخۆشخانەكه لەپێناو سەلامەتی نەخۆش و چارەسەریەکان.
وەزارەتی تەندروستی دووپاتیكردەوە، نەخۆشخانەکە و پزیشکەکە سەرپێچی یاسا و رێنماییەکانیان کردووە و نەخۆشخانەکە بەبێ وەرگرتنی رێگەپێدانی کارکردنی ئەو پزیشکە لە لیستی میلاکی نەخۆشخانە کاری بەو پزیشکە کردووە و پزیشکەکەش هیچ رێگەپێدان و مۆڵەتی کارکردنی نیيە لەو نەخۆشخانەیە و دوور لە پسپۆڕی خۆی کاری جوانکاری کردووە لەکاتێکدا خۆی پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانکاری نیە، بۆیە لەکاری پزیشکی راگیرا و رەوانەی لێکۆڵینەوە کرا بۆ وەرگرتنەوەی پلەی پزیشکی پسپۆڕی.
ئەو ژنەی کە گیانی لەدەستداوە، لە دایکبووی ساڵی 1989 بووە و لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە و نەشتەرگەری جوانکاری کردووە، لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا گیانی لەدەستداوە.
لەسەر ئەم بابەتە دکتۆر سامان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سەفین بە 964ـی وت، ئەو ژنە نەشتەرگەری جوانکاری ناو سکی بۆ کراوە لەگەڵ دەرهێنانی چەوری و تووشی کێشەیەک بووە لە سییەکانیدا، كە وەک جەڵتەی سییەکان وایە.