ژمارەیەک قوتابی لە دوزخورماتوو _ وێنە: 964
"پەرتەوازەیی هەیە"
مامۆستا کوردەکان لە دوزخورماتوو ناتوانن چاودێری تاقیکردنەوەکان بکەن
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتو
بەبڕیاری بەرێوەبەری پەروەردەی سەڵاحەدین، ئیتر ھیچ مامۆستایەک کە میلاکی لەسەر پەروەردەی ھەرێمی کوردستانە لە دوزخورماتوو بۆی نیە وەکو چاودێر بەشداری لەتاقیکردنەوەکان بکات.
ئەگەر پرسیارەکانی تاقیکردنەوەش بە زمانی کوردی بن لەتاقیکردنەوەکان ھیچ مامۆستایەکی کوردی نابێ، روونکردنەوەیان بۆ بدات بەتایبەت خوێندکارانی سەرەتایی.
تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە دوزخورماتوو بە 964ـی وت، دوورخستنەوەی مامۆستایانی بەشی کوردی لە چاودێری، بە پشت بەستن بە مادەی یاسایی بڕیاری لەسەر دراوە، چونکە سەرجەم مامۆستایانی بەشی کوردی لە قەزاکەدا هیچ داتا و ناوێکیان لە بەغدا نیە، ئەمەش بووە بە کێشە بۆیان و داوا لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەرێم دەکەین هەڵویستی جدی وەربگرن، چونکە ئەمە دۆخێکی خراپە بۆ قوتابیان.
ئەوەی کێشەی سەرەکییە بۆ ئەوان، وەکو بەڕێوەبەری بەشی کوردی قەزاکە باس دەکات، بەردەوام پەرتەوازەییەکی زۆر لەنێو مامۆستایانی بەشی کوردی قەزاکە هەیەو هیچ کات مامۆستایان یەک دەست نین، چونکە پێی وابوو دەستی حیزب زاڵە بەسەر مامۆستایان و پەروەردەی قەزاکەیان لاواز کردووەو ناهێڵن بەیەک دەست روبەروی کێشەکان بینەوە.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی وتی، ئەوان لەهەوڵی جدیان بۆ ئەوەی لەرێگەی پەیوەندییانەوە لەگەڵ پەروەردەی بەشی عەرەبی قەزاکە، بە گفوگۆدا لانی کەم بتوانن بۆ ئەمساڵ، بەهەمان شێوەی ساڵانی پێشوو مامۆستایانی بەشی کوردی وەکو چاودێر بمێننەوە لەسەر قوتابیانی کورد، تاکو دەگەنە چارەسەرێک.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا