زیاتر لە 9000 ئەندامیش لە سەندیکا تۆمار کراون
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 2000 میدیا مۆڵەتیان پێدراوە
964+
محەمەد فاتیح
زیاتر لە دوو هەزار میدیای دیجیتاڵی و ڕۆژنامەوانی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتیان پێدراوە و زیاتر لە نۆ هەزار رۆژنامەنووسیش لە سەندیكای رۆژنامەنووسان تۆمار كراون.
بەپێی داتایەك كە دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردییدا بڵاویكردووەتەوە، لەو میدیایانەی مۆڵەتیان پێدراوە 121 ماڵپەڕی هەواڵی، 138 ڕادیۆ، 263 ڕۆژنامە، 725 گۆڤار، 31 کەناڵی ئاسمانی و 176 کەناڵی ناوخۆیی.
بەپێی ئامارەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانى کوردستانيش، ژمارەی ئەندامانی سەندیکا لە ساڵی 2023 بەم شێوەیە بووە: شەش هەزار و 910 ئەندامی کارا، 242 ئەندامی مەشقکار و دوو هەزار و 20 ئەندامی بەشدار.
“لە هەرێمی کوردستان، کاری ڕۆژنامەگەری بە یاسای ژمارە (35ی ساڵی 2007) ڕێکخراوە، کە تێیدا ئەرک و مافی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دیاریکراوە، هەروەها بۆردێک پێکهێنراوە بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن و پەرەدراوە به ئازادیی کاری ڕۆژنامەنووسی و پاراستنی مافەکانی ڕۆژنامەنووسان”، دیندار زێباری واى وت.
ئەمڕۆ 22ی نیسان، 127 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی تێدەپەڕێت، کاتێک لە ساڵی 1898 یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخانەوە لە قاهیرەی پایتەختی میسر بڵاوکرایەوە.