سیستمی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاریشیان ئیش ناکات

بەشەناوخۆییەکانی زانکۆ و پەیمانگای هەڵەبجە مەرجی تەندروستیان تێدا نییە

شۆرش قادری

بەشەناوخۆیی کوڕان و کچانی زانکۆ و پەیمانگای هەڵەبجە هیچ مەرجێکی تەندروستیان تێدانییە و سیستمی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاریشیان ئیش ناکات.

فەلاح نامیق سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “لە درێژەی کار و چالاکییەکانمان سەردانی هەردوو بەشەناوخۆیی کوڕان و کچانی زانکۆ و پەیمانگای هەڵەبجەمان کرد، بەمەبەستی پشکنینی ورد و پێدانی رێنمایی پێیان”.

“سیستمی فایەرهاوس و ئاگرکوژێنەوە و ژووری فریاگوزاری بەشەناوخۆییەکان کاریان نەدەکرد و چێشتخانە و دەستشۆرەکانیش هیچ مەرجێکی تەندروستیان تێدا نەبوو”، فەلاح نامیق وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەشەناوخۆیی کوڕان بوتڵی ئاگرکوژێنەوەکان ماوەبەسەرچوو بوون و لەکەڵک کەوتبوون.

فەلاح نامیق وتیشی، لەڕێی قایمقامیەتەوە پارێزگای هەڵەبجە لەو بابەتە ئاگادار دەکەنەوە و دواتر ئەوان رێوشوێنی پێویست لەوبارەیەوە دەگرنەبەر.