وەزیری ناوخۆی عێراق یەکەم بڕیاری دەرکرد
کوردستان پێیەوە پابەند نابێت
میدیازان – فەرمان سادق – هەولێر
لە عێراق، دەوامی فەرمانگەکانی پاسپۆرت و رەگەزنامەو کارتی نیشتەجێ بوون سێ کاتژمێر زیاد کران، بەڵام پاسپۆرتی کوردستان ناگرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، یەکی تشرینی یەکەم، عەبدولئەمیر شەمەڕی وەزیری ناوخۆی عێراق دەوامی فەرمانگەکانی باری شارستانی و رەگەزنامە، پاسپۆرت، بەڕێوەبەرایەتییەکانی کاروباری کارتی نیشتمانی، کارتی نیشتەجێ بوون لە بەغداو سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بۆ ماوەی چوار کاتژمێر زیاد کرد.
“بڕیارەکە فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە”
میدیازان، وێنەیەک لە بڕیارەکەی بەدەست گەیشتووەو روون کراوەتەوە دەوامی فەرمانبەران لە کاتژمێر هەشتی بەیانی تا حەوتی ئێوارەیە، ئامانجیش جێبەجێکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان و بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانە.
لەو فەرمانگانەی لە بڕیارەکەی عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق هاتووە، تەنیا فەرمانگەی پاسپۆرت لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، دەگرێتەوە بەو پێیەی پرسێکی فیراڵییەو سەر بە حکومەتی فیدراڵی عێراقە.
لیوا هێرش ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی لە هەرێمی كوردستان بۆ میدیازان رایگەیاند کە بڕیارەکە فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە سێرڤەری بەڕێ کردنی مامەڵەی هاوڵاتیان لە بەغداوە دەکوژێندرێتەوە، بەمەش ناتوانین مامەڵەی هاوڵاتیان رایی بکەین.
زیاتر وتی “بۆیە مانەوە تەواوەتی ئێوارە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت”.