پاپای ڤاتیکان

 پاپا فرانسیس لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

توانا نەقی

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 21.4.2025 ڤاتیکان رایگەیاند، کە پاپا فرانسیس لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

پاپا کە قەشەی رۆما و سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی بووە، لە ساڵی 2013 دوای دەستلەکارکێشانەوەی بەنێدیکت شانزەهەمی پێش خۆی بووە پاپا.

لە 14.2.2025 پاپا بۆ چارەسەری هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە رەوانەی نەخۆشخانە کرا و لەو کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ دۆخی تەندروستی جێگیر نەبووە.

دوێنێ  پاپا لە رێوڕەسمی یەکشەممەی جەژنی هەستانەوە سڵاوی لە خەڵک کرد و پیرۆزبایی جەژنەکەی لە مەسیحیەکانی جیهان کرد.

فرانسیس لە ساڵی 1936 لەدایک بووە، یەکەم پاپای ئەمریکای باشوور بووە، پاپایەتییەکەی بە پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانە بوو کە لە شەڕ و برسێتی رزگاریان بوو، هەروەها ئەوانەی لە هەژاریدا بوون، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ناوی “پاپای گەل”ی لێ بنرێت.