عێراق

پێنج حاڵەتی دیكەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆماركرا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 20.4.2025 رایگەیاند، پێنج تووشبووی دیكەی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون پشتڕاستكرایەوە، کۆی تووشبووانی پەتاكە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا گەیشتە 19 كەس.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، سەیف ئەلبەدر لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، “پێنج تووشبووی دیكەی تای خوێنبەربوون تۆمار كراون، بەم شێوەیەش لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ژمارەی تووشبووان بووە 19.

ئاماژەی بەوەش کرد، “تووشبووەكان 7یان لە پارێزگای زیقارن، 4یان لە پارێزگای كەركوكن، كە دووانیان گیانیان لەدەستداوە، 3 حاڵەتی دیكە لە موسەننا، یەک حاڵەتیش لە هەریەكە لە پارێزگاكانی موسڵ، بەسڕە، بەغدا، میسان و واست تۆماركراون.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق داوا لە میدیاكان دەكات هۆشیاری و رێنمایی خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە و مەترسییەكانی تای خوێنبەربوون بڵاوبكەنەوە.