ژمارەیەک ماسى راوکراو کە لەلایەن مەفرەزەکانى پۆلیسەوە دەستیان بەسەردا گیراوە
لە سنوورى سلێمانى
هەر رۆژێک راوچییەکى ماسى دەستگیر دەکرێت
وریا فەتاح
لەوکاتەوەى قەدەغەى راوەماسى خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، هەر رۆژێک لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بە نزیکەیى راوچییەک دەستگیر دەکرێت
20.3.2025، قەدەغەى راوەماسى لە هەرێمى کوردستان خرایە بوارى جێبەجێکردنەوە، تا 20.6.2025، بەردەوام دەبێت
پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوى کردەوە، لەئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەیدسادق بۆ سەر دەریاچەی دەربەندیخان لە سنوری گوندی (بیەڕەشکە) توانرا دوو سەرپێچیکار لەکاتی راوکردنی ماسی دا دەستگیر بکەن .
ئەمڕۆ 30 رۆژ بەسەر قەدەغەى راوەماسی تێپەڕ دەبێت، لەو ماوەیەدا، بەپێى ئەو بڵاوکراوانەى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى خستوونییەتەڕوو، لەو ماوەیەدا 25 راوچى لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتییەکە دەستگیرکراون و ژمارەیەکى زۆر تۆڕى ماسیش کە خاوەنەکانیان نادیارن، هەڵگیراونەتەوە و بەسەدان ماسى زیندوو خراونەتەوە ناو ئاو.
سنوورى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى، سنوورى هەریەک لە قەزاکانى، چەمچەماڵ، دوکان، دەربەندیخان، سەیدسادق، پێنجوێن، ماوەت، شارباژێر دەگرێتەوە کە هەردوو دەریاچەى دوکان و دەربەندیخانى بەسەرەوەیە.