ئاڵاى ئێران و ئەمەریکا
لە رۆما
ئەمڕۆ؛ گەڕێکى دیکەى دانوستانى نێوان ئەمەریکا و ئێران بەڕێوە دەچێت
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ، گەڕى دووەمى دانوستانى ناڕاستەوخۆى نێوان تاران و واشنتۆن لە رۆماى پایتەختى ئیتاڵیا بەڕێوە دەچێت، ئەم بەیانییەش وەزیرى دەرەوەى ئێران گەیشتە رۆما.
ئاژانسى هەواڵى ئیرناى ئێرانى بڵاوى کردەوە، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ شەممە 19.4.2025، عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى ئێران و شاندى یاوەرى، بەمەبەستى بەشداریکردن لە گەڕى دووەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا گەیشتنە شاری رۆمای ئیتاڵیا.
ئیسماعیل باقائى، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، گەشتى عێراقچى بۆ رۆما بەمەبەستى بەشداریکردنە لە گەڕى دووەمى دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ستیڤویکتۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکى ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەبارەت بە هۆکاری هەڵبژاردنی رۆما وەک شوێنی دانوستانەکان، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران وتى،”رۆما لەسەر بنەمای پێشنیاری وەزیری دەرەوەی عومان و رەزامەندی ئێران و ئەمریکا هەڵبژێردرا، رێکخستنە پێویستەکانیش لەلایەن حکومەتی عومانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ئیتالیا ئەنجامدراون”.
“لە دانوستانەکەدا ئێران جەخت دەکاتەوە کە بەرنامەی ئاشتیانەی چەکى ئەتۆمى ئێران بە تەواوی لەگەڵ نۆڕم و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، لەوانە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی یەکدەگرێتەوە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە چوارچێوەی پەسەندکراوی نێودەوڵەتیدا، وێڕای جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی، بڕیارە لە پاراستن و مومارەسەی مافە رەوا و یاساییەکانی خۆی بەرامبەر بە بەکارهێنانی ئاشتیانەی چەکەکە، دەدات”، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران واى وتووە.
وەک ئەوەى باسى کردووە، ئێران چاوى لەوەیە لە گەڕى دووەمى دانوستان، لایەنى ئەمەریکى روونکردنەوە بدەن لەبارەى ئەو هەڵوێستە جۆراوجۆرانەى لەچەند رۆژى رابردوودا لە بەرپرسانى ئەمەریکى بیستویانە، هەڵوێستەکانیشى بە “دووفاقى”، ناوزەند کردووە.
دواى ئەوەى هەفتەى رابردوو گەڕى یەکەمى دانوستانى ناڕاستەوخۆى ئێران و ئەمەریکا لە عەمان بەڕێوەچوو، هەردوولا کۆکبوون لەسەر ئەرێنی بوونى دانوستانەکە.
ستیڤن ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانەکان بە شێوەیەکی ئەرێنی و بنیاتنەر بەڕێوەچووە.
لاى خۆیەوە، کۆشکى سپى پشتڕاستى کردەوە کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران زۆر ئەرێنى و بنیاتنەرانە بوون.
هەرچى ئێرانە، لە زارى عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە رایگەیاندووە کە دانوستانێکى ناڕاستەوخۆى بنیاتنەرانەیان لەگەڵ ئەمەریکا کردووە.
“کەشێکى ئارام و رێزگرتنێکى هاوبەش و پتەوى و بنیاتنەرانە، کەشى کۆبوونەوەکە بوون” ، عێراقچى واى وتبوو.