كەركوك

چوار گۆشتفرۆش داخران و دەست بەسەر 20 سەر مەڕدا گیرا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك هەڵمەتێكی بۆ بازاڕی شارەكە ئەنجام دا بۆ پابەندكردنی شوێنەكانی فرۆشتنی گۆشت بە رێنماییەكان و خۆپاراستن لە نەخۆشییە گوازراوەكان، لەو سەروبەندەشدا چوار دوكانی فرۆشتنی گۆشت داخران و 20 سەر مەڕیش دەستیانبەسەردا گیرا

فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك لە راگەیاندراوێكدا كە كۆپییەكی بە دەست 964 گەیشتووە، ئاماژەیان بەوە كرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17.4.2025 بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەكە، هەڵمەتێكی تەندروستیی خۆپارێزییان دەستپێكرد، یەكەم هەنگاویش چوونەتە گەڕەكەكانی قۆریە و كۆڕنیش و دوكانەكانی قەسابییان پشكنیوە بە هاوكاری قایمقامیەت و شارەوانی و لیژنەكانی سەرپێچی.

هەروەها باسی ئەوە كراوە، لە هەڵمەتەكەدا 20 سەر مەڕ و 350 كیلۆ گۆشتی نەشیاویان دەستبەسەردا گرتووە، كە گۆشتەكەش شیاوی خواردن نەبووە، جگە لەوەش چوار دوكانیان داخستووە، كە پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان نەبوون.

تەندروستیی كەركوك دەڵێن، هەڵمەتەكەیان بەردەوام دەبێت لە پێناو خۆپارێزی لە نەخۆشییە گوازراوەكان، لەوانەش تای خوێنبەربوون، داواش دەكات پێویستە هەموو لایەك پابەندی رێككارە تەندروستییەكان بن، بۆ ئەمەش رێنمایی بە گۆشتفرۆش و قەسابەكان دەدەن، بۆ ئەوەی ئاستی سەلامەتی تەندروستی باشتر بكەن.

ئەمە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ لە كەركوك قەسابێك بەهۆی تووشبوونی بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەست دا.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی پزیشکی تایبەت لە نەخۆشخانەی کەرکوکی گشتی فێرکاری بە 964ـی وت، چەند رۆژێک بەر لە ئێستا دوو هاوڵاتی یەکێکیان دانیشتووی گوندی بەشیری سەر بە ناحیەی تازە کە پیشەی ئاژەڵداریە و ئەوەی دیکەشیان خەڵکی گوندی عومەر کوڕی خەتابی سەر بە ناحیەی داقوقە پیشەی گۆشتفرۆشە، رەوانەی نەخۆشخانەی کەرکوکی گشتی فێرکاری کراون، دوای پشکنین دەرکەوت توشی تای خوێن بەربون بوون.

هەروەها ئەوەشی وت، گۆشتفرۆشەکە تەمەنی 30 ساڵە و بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە گیانی لەدەست دا.

بە تای خوێنبەربوون کەسێک گیانی لەدەستدا 

بە تای خوێنبەربوون کەسێک گیانی لەدەستدا