
پۆلیسی مالیزیا لە فڕۆکەخانەیەکی ئەو وڵاتە. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
"لە دۆخێکی زۆر سەختدا بوون"
یەکێک لەو سێ هاوڵاتییەی لە مالیزیا هەڵخەڵەتێنرابوون گەڕێندرایەوە هەرێم
964+
ژووری هەواڵ
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکێک لەو سێ هاونیشتمانییەی کە ببوونە قوربانی ئەو باندانەی بازرگانی بە مرۆڤ دەکەن، لە مالیزیاوە گەڕێندرایەوە هەرێم.
ئەو سێ هاوڵاتییە کوردە لەلایەن باندێکەوە هەڵخەڵەتێنراون گوایە لە رێگەی وڵاتی مالیزیاوە رەوانەی ئەوروپایان دەکەن، بەڵام دواتر دەرکەوتووە بەڵگەنامەکان ساختەن و لە فڕۆکەخانە گیریان خواردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17.4.2025، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو سێ هاوڵاتییە لە گرتە ڤیدیۆییەکدا بینراون و باسیان لەوە کردووە، بەهۆی ئەوەی لە مالیزیا فێڵیان لێکراوە، گیریان خواردووە و بێ پارە و پاسپۆرت و شوێن ماون و لە دۆخێکی زۆر سەختدان.
“فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەر زوو بەدواداچوونی بۆ کێشەی ئەم سێ هاوڵاتییە کرد و لە رێگەی دامەزراوە فەرمیەکانی ئەو وڵاتە و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عیراق لە مالیزیا توانی سۆراخیان بکات و پاسپۆرتی گەڕانەوەیان بۆ دەستەبەر بکات”، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە وا دەڵێت.
تا ئێستا لەو سێ کەسە، یەکێکیان گەیشتووەتەوە هەرێمی کوردستان و دوو هاوڵاتییەکەی دیکە کارەکانیان تەواو بووە و بڕیارە لە دەرفەتێکی نزیک رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە، فەرمانگەکە وا دەڵێت.