کەوتنەخوارەوەى کابینەى تەلەفریکێک لە ناپۆلى
لە ناپۆلى
گیانلەدەستدان هەیە؛ کابینەى تەلەفریکێک کەوتە خوارەوە
964+
وریا فەتاح
لە نزیک شارى ناپۆلى ئیتاڵیا، کابینەى تەلەفریکێک کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بێسەروشوێنە، برینداریش هەیە.
رووداوەکە، دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ناوچەى مۆنتى فایتۆ روویداوە کە لوتکەیەکە لە دەورووبەرى 45 کیلۆمەتر لە باشوورى رۆژهەڵاتى شارى ناپۆلى.
ئۆمبێرتۆ دی گریگۆریۆ، سەرۆکی کۆمپانیای گواستنەوەی گشتی EAV کە خزمەتگوزاری تەلەفریک بەڕێوەدەبات، هەواڵەکەى راگەیاندووە و بە کارەسات ناوزەندى کردووە.
وەک ئەوەى دەیلى مەیل لە زارى هەواڵدەرى ئیتاڵى ئەنسا بڵاوى کردووەتەوە، ئەو کەسەى سەرپەرشتى تەلەفریکەکەى کردووە دواى بەربوونەوە بێسەروشوێنە و سێ کەسیش گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بە سەختى بریندارە.
هەرچەندە تیمەکانى بەرگرى شارستانى و فریاگوزارى لە شوێنەکەن، بەڵام وەک باس دەکرێت، بەهۆى باى بەهێز و خراپى کەشوهەوا، کێشە بۆ گەڕان و کارکردنیان دروستووە.
لەبارەى هۆکارى کەوتنەخوارەوەى کابینەکە باس لەوە دەکریت کە یەکێک لە کێبڵەکانى توشى پچڕان بووە، هەرچەندە بەهۆى کێشەکەوە یەک کاتژمێر وەستاون، بەڵام دواتر رووداوەکە روویداوە.
هەرچەندە کۆمپانیاى ئۆتۆنۆمۆ ڤۆڵتورنۆ، ئەو کۆمپانیایە کە تەلەفریکەکە بەڕێوەدەبات، رایگەیاندووە، هەموو سەرنشینەکان باشن و ‘بە سەلامەتی دادەبەزن’، بەڵام دوای نزیکەی کاتژمێر و نیوێک، میدیا ناوخۆییەکانى ئیتاڵیا بڵاویانکردەوە کە پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە تەلەفریکەکاندا لەدەستداوە.
پاشان لەلایەن ئۆمبێرتۆ دی گریگۆریۆی سەرۆکی EAV پشتڕاستکرایەوە کە کابینەکەی لوتکەی شاخەکە کەوتووەتە خوارەوە.