"بەخێر بێن بۆ تۆرنتۆ"
کەمپەینی فیفا لە کەنەدا زمانی کوردی لەخۆدەگرێت و سۆزی کوردانی تاراوگە دەجوڵێنێت
وریا فەتاح
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی جامی جیهانی فیفا، کۆمیسیۆنی گواستنەوەی تۆرۆنتۆ هەڵمەتێکی پێشوازی و ریکلامی بەربڵاوی لەناو شەمەندەفەر و میترۆکان دەستپێکردووە. ئەوەی جێگەی سەرنجە و کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە، بەکارهێنانی زمانی کوردییە شانبەشانی زمانە جیهانییەکانی تر بۆ بەخێرهێنانی گەشتیاران و میوانانی شارەکە.
وەک لە وێنەکاندا دەردەکەوێت، لەناو شەمەندەفەرەکانی تۆرۆنتۆ پۆستەری تایبەت هەڵواسراون کە تێیدا بە چەندین زمانی جیاواز نووسراوە “بەخێر بێن بۆ تۆرنتۆ”. لە چەند پۆستەرێکى جیاوازدا کە بە دیزاینێکی سەرنجڕاکێش دروستکراوە، بە پیتی زەرد و بە رێنووسی کوردی بە روونی نووسراوە ” بەخێربێت بۆ تۆرنتۆ”.
کاردانەوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
دەرکەوتنی زمانی کوردی لەم کەمپەینە فەرمییەدا، خۆشحاڵی و سەرسامییەکی زۆری لای کوردانی دانیشتووی کەنەدا و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردووە.
بەکارهێنەرێک بە ناوی (Najat) وێنەی پۆستەرە کوردییەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: “کەمپەینی فیفا بە زمانی کوردی لەسەر شەمەندەفەر لە تۆرۆنتۆ. زۆر نایابە کە دەبینین زمانی کوردی نوێنەرایەتی دەکرێت”.
کاریگەرترین پەیام هی بەکارهێنەرێکە بە ناوی مادێح پیریۆنسی کە بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی هەستی خۆی و کوردانی ئەو شارە دەردەبڕێت و تیشک دەخاتە سەر مێژووی چەوساندنەوەی زمانی کوردی.
ئەو لە پۆستەکەیدا دەڵێت: “هەزاران کوردی تۆرۆنتۆ کە زۆربەیان بەهۆی نووسینی کتێبێک، دانانی گۆرانییەک، وشەیەک، یان تەنانەت تاکە پیتێک بە زمانی دایکی رووبەڕووی لێپرسینەوە و زیندان بوونەتەوە، ئەم نیشانانە دەبینن و هەست بەوە دەکەن ئەم شارە شاری ئەوانە.”
ئەم پەیامە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە ئەم پۆستەرە تەنها ریکلامێکی ئاسایی نییە، بەڵکو بۆ نەتەوەیەک کە لە زێدی خۆی زمانی لێ قەدەغە کراوە، بینینی زمانەکەی لەسەر شەمەندەفەرەکانی وڵاتێکی وەک کەنەدا بۆ بۆنەیەکی گەورەی وەک جامی جیهانی، پێدانی هەستی بوون، ئازادی و سەربەرزییە بەو نەتەوەیە.