سێ دەرمانخانە لە بەردەڕش داخران
میدیازان – زەید کۆچەر – بەردەڕەش
بەهۆی بەسەرچوونی مۆڵەتی تەندروستی، سێ دەرمانخانە لە بەردەڕەش داخران و سزای دارایش دران.
بۆتان شەمسەدین، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای بەردەڕەش بە میدیازانی راگەیاند، لیژنەی هاوبەشی قایمقامیەت، شەوی رابردوو سەردانی سەرجام دەرمانخانەکانی سەنتەری قەزای بەردەڕەشی کرد، دەرکەوت کە سێ دەرمانخانە، مۆڵەتی تەندروستییان بەسەرچووە، لیژنەکەش بڕیاری داخستنی دان.
لە سنووری قەزای بەردەڕەش، ٢٠ دەرمانخانەیە هەیە کە نۆ دانەیان دەکەوێتە سەنتەری قەزایەکە.
میدیازان دەزانێت ئەو دەرمانخانانەی داخراون، جگە لەوەی هەریەکەیان ٣٠٠ هەزار دینار سزای دارایی دراون، ئەوا بۆ ١٥ رۆژیش دادەخرێن و دەبێت لەم ماوەیەدا مامەڵەی نوێکردنەوەی مۆڵەتی تەندروستی تەواو بکەن.
” لە سنووری قەزای بەردەڕەش، ٢٠ دەرمانخانەیە هەیە کە نۆ دانەیان دەکەوێتە سەنتەری قەزایەکە”
بۆتان شەمسەدین، پشتڕاستی زانیارییەکانی میدیازان دەکات و روونی دەکاتەوە کە ئەو دەرمانخانانە رێنماییەکانی تەندروستی و رێنمایی سەندیکای دەرمانسازانیان جێبەجێ نەکردووە.
زیاتر وتی “جگە لە داخستنی ئەو سێ دەرمانخانەیە، سێ دەرمانخانەی تریش سەرنجڕاکێشانیان دراوەتێ کە تا دوو رۆژی تر، رێنماییەکان جێبەجێ نەکەن ئەوا دادەخرێن”.
بەردەڕەش، لە ٢٠٠٧ بووە بە قەزا، سەر بە پارێزگای دهۆکەو دەکەوێتە باشووری ڕۆژھەڵاتی دھۆک، ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە ٢٦ هەزار کەس دەبێت.