نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی قوربانیان دەگاتە دوو هێندەی ئێستا کە هەیە
گیان لەدەستدان بە بومەلەرزەکە گەیشتە 30 هەزار کەس
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ژمارەی گیان لەدەستدان بەھۆی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان گەیشتە 30 ھەزار کەس، نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات دوو هێندە بوونی ژماری قوربانیان.
بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی ئەم مانگە تا ئامادەکردنی ئەو هەواڵە لەباکووری کوردستان و تورکیا زیاتر لە 24 ھەزار و 600 کەس گیانیان لەدەستداوە و 80 ھەزار کەسیش بریندارن، لە رۆژئاوای کوردستان و سوریاش پێنج ھەزار و 273 کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنج ھەزار و 600 کەسی دیکەش بریندارن.
بەپێی خەمڵاندنە ئابوورییە سەرەتاییەکانیش، زیانەکانی بوومەلەرزەکە بە 30 بۆ 40 ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت.
بڕیارە ئەم ھەفتەیە ئەنجومەنی ئاسایش کۆبێتەوە و تاوتوێی بڕیاری رێگەدان بە گەیاندنی ھاوکارییەکان دەکات بۆ ئەو ناوچانەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کە لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکاندان، ئەوەش لەرێگەی دەروازەیەکی سنووریی لەڕێگەی تورکیاوە.
مارتن گریفیس، جێگیری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، لەدوای سەردانیکردنی ئەو ناوچانەی تورکیا کە بوومەلەرزە لێیداون رایگەیاند، زۆر قورسە پێشبینی ژمارەی قوربانیەکانی ئەو کارەساتە سروشتییە دڵتەزێنە بکرێت لەتورکیا و سووریا، بەڵام دڵنیان ژمارەکەی لەوەی لە ئێستادا ھەیە دەبێتە دوو هێندە و زیاتریش.