کێڵگەیەکى نەوتى هەرێم
رێكخراوێكی چاودێریی نەوت
“لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت رێكەوتن كراوە و كێشەی موچەش چارەسەر دەبێت”
964+
محەمەد فاتیح
سەرۆکى رێکخراوێكی تایبەت بە زانیارى لەسەر نەوتى کوردستان بۆ 964ی ئاشكرا كرد تا كۆتایی ئەم مانگە و پێش مانگی پێنج هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جیهان لە رێگەی بۆریی نەوتی توركیاوە دەستپێدەكاتەوە.
وریا حوسێن حەبیب سەرۆکى رێکخراوى دۆر بۆ زانیارى نەوتى کوردستان دەڵێت هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەرئەنجامی فشارێكی زۆری ئەمریكیەكان بووە و لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم رێكەوتن كراوە و هاتنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر پەیوەست بووە بە پرسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمەوە، رێكەوتنێكی زارەكی كراوە لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق.
“هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان رەگی كێشە داراییەكانی دە ساڵی رابردووی نێوان هەرێم و عێراق چارەسەر دەكات و لە یەكەم قۆناغ دەبێتە هۆی چارەسەركردنی كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و كێشە دارایەكانی دیكەش قۆناخ بە قۆناخ چارەسەر دەبن”.
باسی لەوەش كرد عێراق بە هۆی راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمەوە 180 بەرمیل نەوتی لێ كەمكراوەتەوە لە چوارچێوەی بەشی ئۆپیك و نزیكەی سێ ملیارێك كورتهێنانی بودجەی هەیە، هەروەها كورتهێنانی عێراق بۆ شەش ملیار دۆلار بەرزدەكاتەوە لە ساڵێكدا.
“لە عێراقدا عەقڵیەتێكی شۆڤێنی هەیە كە بڕوای وایە هەر رێكەوتنێك لەگەڵ هەرێمی كوردستان كێشە بۆ داهاتووی عێراق دروست دەكات و پێشكەوتنی كورد به كەشێكی نەرێنی بۆ داهاتووی عێراق دەبینن”، وریا حوسێن واى وت.
هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوە، لەوەتەی ئاداری 2023ەوە وەستاوە و ئەمەش زیانی زۆری بە ئابووریی كوردستان و عێراق گەیاندووە.