
چی دەگوزەرێت؟
شەش کاتژمێری قەرەباڵغ و پڕ لە جوڵەی دیبلۆماسی
ژووری هەواڵ
رۆژێکی پڕ چالاکی و جموجۆڵی سیاسی و دیبلۆماسی بوو بۆ هەرێمی کوردستان و دەرودراوسێکانی، رووداوەکانی چەند کاتژمێری رابردوو هیچ بەدوور نازاندرێت کاریگەری لەسەر چەند ساڵی داهاتووی کوردستان و دەورووبەرەکەی هەبێت، هەموو ئەم جموجۆڵانە بە نزیکەیی لە شەش کاتژمێردا روویاندا، لە دەمەونیوەڕۆوە هەتا ئێوارە.
کۆبوونەوەی ئەردۆگان و ئیمرالی
رۆژی پێنجشەممە رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ وەفدی ئیمرالی کۆبووەوە، ئەمە ئەو وەفدەن کە عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان لە ئیمراڵی بینی و پەیامە بەناوبانگەکەین بڵاوکردەوە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی، ماوەیەکی زۆر بوو قەرار بوو هەردوولا کۆببنەوە، بەڵام نەدەسازاو پێکەوە بڕیاریاندا بیخەنە دوای جەژنی رەمەزان.
بارزانی لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەوە لەسەر ئێکس دەستخۆشی لێکردن، ئەمە راگەیەندراوی بارەگای بارزانییە لەسەر ئەو پەیامە:
پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە:
کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئیمرالی و سەرۆک ئەردۆگان هەنگاوێکی ئیجابی و ئومێدبەخشە بۆ چارەسەری کێشەکان. هەروەها پاڵنەرێکی بەهێزیشە بۆ پێشڤەچوونی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
لوتکەی ئەنتاڵیا
لە شاری ئەنتالیای تورکیا یەکێک لە گەورەترین کۆڕبەندەکانی دیبلۆماسی جیهان دەستی پێکرد تا سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، کۆڕبەندەکە ناوی لێ نراوە ”دەستگرتن بە دیبلۆماسییەت لە جیهانێکی دابەشبوودا”.
لەوێ چوار هەزار میوان بانگکرابوون، 20 سەرۆکی دەوڵەت و 50 وەزیری دەرەوەو 70 وەزیری دیکە و 60 نوێنەری پلەباڵای رێکخراوە جیهانییەکان لە ناو میوانەکاندا بوون.
سەرۆکایەتی هەرێم لەمبارەیەوە نووسیبووی: نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک یەکێک لە 20 سەرۆکەکە بە فەرمی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بانگهێشتکراوە.
لە پەراوێزی ئەو کۆڕبەندە دوو کۆبوونەوەی گرنگ روویدا، یەکەمیان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و رەجەب تەیب ئەردۆگان بوو، ئەوەی دووەمیشیان نێچیرڤان بارزانی و ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سوریا بوو.
سەرۆکی هەرێم بۆ کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەردۆگان لەسەر ئێکس بەم شێوەیە وەسفی کۆبوونەوەکەی کردووە ”زۆر بەرهەمدار بوو”.
کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەرێم و ئەحمەد شەرع یەکەم دیداریان بوو، نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەم کۆبوونەوەیەش نوسیویەتی: ”پێکەوە دۆخی سوریامان تاوتوێ کرد، تیایدا بەڕێزیان باسی سوریای داهاتووی کرد کە هەموو گەلی سوریا لە باوەش دەگرێت”.
باسی نەوت و سەقامگیری لەگەڵ ئەمریکا
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاراکتەرێکی دیار بوو لەناو جموجۆڵی ئەمڕۆدا، سەرۆکی حکومەت بە تەلەفۆن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا قسەی کرد، مەسرور بارزانی لەسەر ئێکس نوسیویەتی ”ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز مارکۆ رۆبیۆ دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەمان تاوتوێکرد و جەختمان لە بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە. هاوڕابووین لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان”.
جموجۆڵەکان لە یۆنانەوە
چەند رۆژێکە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یۆنانە بۆ بەشداریکردنی لە ”کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی” لەو ماوەیەدا سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەو زۆربەی وەزیرەکانی بینیوە، دواهەمینیان ئەوەی هەینی بوو لەگەڵ هاوتا یۆنانییەکەی.
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کۆستیس هاتزیداکیس، جێگری سەرۆکوەزیرانی یۆنان کۆبووەوە، لەمبارەیەوە لەسەر فەیسبووک نوسیوەیتی ”بۆم روونکردەوە لە کوردستان دەرفەتی زۆر باش هەیە بۆ وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا و داوامکرد حکومەتی یۆنان هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانی وڵاتەکەی بدات، وەبەرهێنان لەو دەرفەتانەدا بکەن”.
چاوەکان لەسەر سلێمانی دەبن
جموجۆڵە سیاسی و دیبلۆماسییەکان تا کۆتایی ئەم هەفتەیەش بەردەوام دەبن، ئەمجارە چاوەکان دەچنە سەر سلێمانی بۆ دیدارە بەناوبانگەکەی شارەکە.
رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی داهاتوو قسەڕۆیشتووەکانی کوردستان و عێراق و جیهان لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بۆ دیداری سلێمانی کۆدەبنەوە، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق لەوێیەو زۆر بەرپرسی تری هەرێم و عێراق و دەورووبەریشی لێدەبن، پێشبینی دەکرێت چەند دیدارێکی گرنگ ئەنجام بدرێن.