"یەكێکە لە چالاکترین و پارێزراوترین مەرزەکان"

رۆژانە نزیکەی پێنج هەزار کەس لە مەرزی باشماخەوە هاتوچۆ دەکەن

شۆڕش قادری

هاتوچۆی گەشتیار لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردووە و لەئێستاشدا هەموو رۆژێک نزیکەی پێنج هەزار کەس تەنیا لە مەرزی باشماخەوە هاتوچۆ دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی مێهر ئاشکرایکردووە کە قاسم رەزایی جێگری فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخی کردووە و لە سەردانەکەیدا ئاماژەی بە گرنگی مەرزەکە کردووە و رایگەیاندووە، هاتوچۆی گەشتیار و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزی باشماخ رووی لەزیادبوونە و لە ئێستاشدا رۆژانە نزیکەی پێنج هەزار کەس لە مەرزەکەوە دێن و دەچن.

دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ یەكێکە لە چالاکترین و پارێزراوترین مەرزەکانی نێوان ئێران و عێراق

بەقسەی رەزایی، “لە ئێستادا دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ یەكێکە لە چالاکترین و پارێزراوترین مەرزەکانی نێوان ئێران و عێراق کە بەشێکی گرنگی ئەو ئاسایش و ئارامییەی مەرزەکە، لە سایەی بڕیارەکانی پاسەوانی سنووریی عێراقەوە بەدیهاتووە”.

دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، یەكێكە لە چوار مەرزە نێودەوڵەتییەكەی هەرێمی كوردستان و قەزای پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبەستێتەوە، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە پێنجوێنەوە دوورە و بە یەكێك لە دەروازەی گرنگەكانی سەرچاوەی داهاتی هەرێم دادەنرێت.