دیمەنێک لە پێنجوێن - وێنە: 964
لە داهاتەکانیان سوود وەردەگرن
رەزامەندی بۆ چوار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە پێنجوێن دەرکراوە
کامیار کەمال- پێنجوێن
سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن دەڵێ، رەزامەندی چوار پرۆژەی خزمەتگوزارییان وەرگرتووە بۆ ناو قەزای پێنجوێن کە پرۆژەی ئاوەڕۆ و رێگاوبانن، دوو پڕۆژەیان لەم مانگەوە دەست بەکارکردن دەکرێ تیایدا.
ئەوان رەزامەندی وەزارەتی شارەوانییان هەیە،کە بەشێک لە داهاتەکەیان بۆ خزمەتگوزاری قەزاکە بەکاربهێننەوە.
رەئوف رەشید، سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن لەو بارەیەوە بە 964ی وت، سێ لەو پرۆژانە لەسەر داهاتی شارەوانی جێبەجێ دەکرێت و یەکێکی دیکەش لەسەر بودجەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەبێت، پرۆژەکانیش چاککردنەوەی رێگا و قیرتاوکردن و ئاوەڕۆی لوولەییە بۆ دوو گەڕەکی پێنجوێن و چاککردنەوەی رێگاکانیش، رێگای سەرەکی سەنتەری قەزای پێنجوێن دەگرێتەوە، لەگەڵ فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامێک.
لەبارەی وەرگرتنی رەزامەندی بەکارهێنانی داهاتی شارەوانی، سەرۆکی شارەوانی دەڵێ، ئەوان دەتوانن لە %15ی داهات بەکاربهێننەوە و دەسەڵاتی ئەوەیان پێدراوە و ئەوەش دەبێت دەرخستەی بۆ بکەن رەزامەندی لەسەر بدرێت لە وەزارەتی داراییەوە، “داهاتی شارەوانیمان لەسەر فرۆشتنی زەوی و رسوماتی مامەڵەی هاوڵاتیانە و ئەگەر هاوڵاتییەک بای ملیۆنێک دینار مامەڵە بکات ئەوا لە %15ی تەرخاندەکرێت بۆ خۆمان و ئەوی دیکەش بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە” رەئوف رەشید وای وت.
لە کۆی پڕۆژەکان، دوو پرۆژەیان رەزامەندی وەرگیراوە و دەتوانرێ لە مانگی چواردا دەستبەکاربکرێ تیایدا، دوو پرۆژەی دیکەشیان تەنیا رەزامەندی وەزارەتی دارایی، لە ئێستادا کۆی گشتی ئەو بڕەی رەزامەندی لەسەر دراوە بۆ شارەوانی پێنجوێن، 372 ملیۆن و 910 هەزار و 500 دینارە.
یەکەم: قیرتاوکردن و چاککردنەوەی شەقامی سەرەکی پێنجوێن(قۆناغی حەوتەم) بە بڕی 92,774,000لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی پارێزگای سلێمانی.
دووەم: پرۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی لولەیی بۆ چەند کۆڵانێکی گەڕەکی رزگاری بە بڕی 29,978,000لەسەر داهاتی %15ی شارەوانی پێنجوێن.
سێهەم: قیرتاو و نۆژەنکردنەوەی شەقامی سەرەکی پێنجوێن و فراوانکردنی شەقامی سەرەکی خانوە تازەکان بە بڕی 221,267,000لەسەر داهاتی لە%100ی شارەوانی لە فرۆشتنی زەوی.
چوارەم: دروستکردنی ئاوەڕۆی لولەی بۆ گەڕەکی ئەلیاسەفڕە و قەسابخانەکە بە بڕی 28,891,500لەسەر داهاتی %15شارەوانی.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا